سەردێڕ:

ئایا لەئامەدەوە خۆری ئەردۆغان ئاوادەبێت؟

دیمەنێک لەبانگەشەکانی ئامەد
PM:12:35:13/05/2023

6032 جار خوێندراوەتەوە

چاوەڕێدەکرێت هەشت بۆ نۆ ملیۆن کورد، ئەمجارە دەنگبدەن بەکاندیدی ئۆپۆزسیۆن کە دەکاتە ١٣٪ی دەنگەکان، پرسیارەکە ئەوەیە ئامەد کە بەقەڵای کوردان ناسراوە دەتوانێت وەک چۆن رۆڵی سەرەکی هەبوو لەهێنانی ئەردۆغاندا ئاواش رۆڵی هەبێت لەخستنیدا؟.


شاری ئامەد لەباشوری رۆژهەڵاتی تورکیا یەکێکە لەوشارانەی زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن و بەزمانی کوردی دەدوێن، کوردەکانی تورکیا هەوڵدەدەن لەرێگەی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە گۆڕانکاری لەدەسەڵاتدا لەبەرژەوەندی کەمال کڵیچدار ئۆغڵۆ کە کاندیدی هاوبەشی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنە درووستبکەن.

کڵیچدار ئۆغڵۆ کە بەڵێنیداوە ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا زیندانیانی سیاسی لەگرتووخانەکاندا ئازاد بکات، دەیان سەرکردەی سیاسی کوردی باکور سەڵاحەدین دەمیرتاشی کاندیدی خولی پێشووی سەرۆکایەتی تورکیاو سەدان لایەنگری پارتی دیموکراتی گەلان بەهۆکاری سیاسی لەزیندانن.

Open photo

١٣٪ی کوردەکان

کوردەکان رێژەی ١٣٪ی دەنگدەرانی تورکیا پێکدەهێنن، دوای بیست ساڵ لە حوکمڕانی و مانەوەی ئەردۆغان لەدەسەڵاتدا خەون بە روخانی ئەردۆغان و کردنەوەی پەڕەیەکی نوێ لە ژیانیاندا دەبینن.

ئاژانسی فرانس ٢٤ راو بۆجوونی ژمارەیەک لە کوردەکانی ئامەدی وەرگرتووە پێش ئەوەی هەڵبژاردن لە ١٤ی مایسدا دەست پێبکات.

لەم رۆژانەدا جووڵەیەکی نائاسایی لەبارەگای پارتی دیموکراتی گەلان کە پارتێکی کوردە لە ئامەدی باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا دەبیندرێت کە خۆیان بۆ گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئامادەدەکەن کەوا بڕیارە لە ١٤ی ئایاردا ئەنجامبدرێت.

خۆبەخشە کوردەکان بەشەقامەکانی شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە و ئاڵای لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن و لافیتە و وێنەی کاندیدەکانیان بەرزکردووەتەوە و بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن و بەرنامەی کار و پرۆژەکان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکەن شاری ئامەد نزیکەی ٣٥٠ کیلۆمەتر لە غازی عەنتاب لە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیاوە دوورە.
موحەممەد راجی بلیچر کە پیشەى پارێزەرەو ئەندامە لە پارتی دیموکراتی گەلان کە پارتێکی کوردییە رایگەیاند، ئێستا چرکەساتێکی مێژووییە کە پارتەکەی پێیدا تێپەڕدەبێت و بڕیاریانداوە دەنگ بە کەمال کڵیچدار ئۆغڵۆ کاندیدی هاوپەیمانی شەش حزبەکەی ئۆپۆزسیۆن بدەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا بهێنن، کە یادەوەرییەکی جوانی لەلای کوردەکان جێنەهێشتووە، ئەو پارێزەرە بڕوایوایە ئەردۆغان لەماوەی بیست ساڵی سەرۆکایەتی و فەرمانڕەوایەتیدا بەشیوەیەکی خراپ مامەڵەی لەگەڵ دۆزی کورددا کردووە.

ئەردۆغان پەشیمان بوویەوە

موحەممەد راجی بلیچر باسیلەوەشکردووە، کوردەکان چەندین ساڵە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت و لەمافەکانیان بێبەشکراون ئەوەش لەکاتێکدایە ئەوان جگە لە داواکردنی مافە رەواکانیان هیچ داوایەکی دیکەیان نەبووە، بەڵام ئەردۆغان هیچ بەرژەوەندییەکی لەوەدا نییە کە بەشێوەیەکی یەکجاری واژۆی رێککەوتن لەگەڵ ئەواندا بکات، چونکە دەترسێت هەموو ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردابێت و لەژێر چەتری دیموکراسیدا بژین ئەوەش ئەوەیە کە ئەردۆغان بە دیاریکراوی رەتی دەکاتەوە.

وتیشی:" هەتا ئەمڕۆ دەیان چالاکوانی سیاسی و رۆژنامەنووس و راگەیاندنکار و پارێزەری کورد لە زیندانەکانی تورکیادان و ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی دیکەی ناوچە کوردییەکان هەڵهاتوون و روویان لەدەرەوەی وڵات کردووە".

ئەوەشی خستەڕوو، لەساڵی ٢٠١٢دا ئەردۆگان پێشنیاری هەندێک رێگا چارەیکرد بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆز و کێشەی کورد بهێنێت، بەڵام لەساڵی ٢٠١٤دا بۆچوونەکانی لەوبارەیەوە بەتەواوی گۆڕا و دەستی وەردایە کاروبارەکانمان و فشاری خستەسەر راگەیاندن و سیاسییە کوردەکان بەبیانوی ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لەشارەکاندا چەکی دانەناوە لەکاتێکدا ئێستا ئەو حزبە رایگەیاندووە پێش ساڵی ٢٠١٢ چەکی داناوە.

بۆچی کڵیچدار ئۆغلۆ؟

پارتی دیموکراتی گەلان هیچ کاندیدێکی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا لەریزەکانیدا هەڵنەبژارد، چونکە دادگای تورکیا ماوەی ساڵێکە یاسایەکی لەدژی ئەوان دەرکردووە، بەڵام نزیکەی مانگێک لەمەوپێش ئەو یاسایە چووەتە بواری جیبەجێکردنەوە و ئەو پارتەکەش لەژێر هەمان ناوی پێشوودا نەمایەوە بەڵکو کارو چالاکییەکانی لەژێر ناوێکی نوێ بەناوی پارتی چەپی سەوز دەستپێکرد.

محمت راجی بلیچر لە پارتی دیموکراتی گەلان دەربارەی هۆکاری پشتگیری لە کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ بەرامبەر ئەردۆغان وتی: دەمانەوێت ئەردۆغان بکەوێت، وە ئەگەر ئەردۆغان بکەوێت ئەوا دیموکراتیەت بەشێوازێکی نوێ دەگەڕێتەوە ئابوری تورکیا دەبوژێتەوە و دۆز (پرس)ی کورد بەشێوازێکی ئەرێنی دەچێتە پێشەوە، بەلام ئەگەر ئەردۆغان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ئەوا تورکیا زەرەر دەکات و زەرەرمەندی یەکەمیش کورد دەبێت و پشکی گەورەی بەردەکەوێت بەڵام ئێمە لەپێناو ئازادیدا تێدەکۆشین.

دزی و نەبوونی ئازادی و هەژاری کە بەرۆکی خەڵکیان گرتووە سێ بیردۆزن کە ئەردۆغان کاریان لەسەر دەکات هەمان شت لەلایەن موحەممەد ئەمیت کرداس سەرۆکی قەدەغەکراوی پارتی دیموکراتی جەختی لەوەکردەوە کە لەساڵی ٢٠١٢ کاتێک ئەردۆغان دەسەڵاتی گرتەدەست لەسەر سێ تیۆر کاریدەکرد، ئەوانیش بریتین لە دزی و نەهێشتنی ئازادییەکان و کارکردن لەسەر هەژارکردنی خەڵک.

لەم رووەوە وتی، ئەردۆغان بەڵێنێکی زۆری بەکورددا کە پاڵپشتی و هاوکارییان دەکات بۆیە ئێمەش دەنگمانپێدا، بەڵام کاتێک لەگەڵ پارتی ئازادی نەتەوەیی یەکیان گرت و هاوپەیمانێتیان پێکهێنا سیاسەتەکانی بەرامبەر بەئێمە بەتەواوی گۆڕاو هێزی سەربازی ناردە عەفرین و هەموو کوردەکانی لەوێ دەرکرد.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پارتی دیموکراتی کوردستانی پاڵپشتی خۆیان بۆ کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ دەربڕیووە لەکاتێکدا هیچ بەڵێنێکی بەکوردەکان نەداوە لەرووی ئەوەی بەرامبەر کرد دەکرێت و مافەکانی زەوت دەکرێت بەڵام لەوبڕوایەداین کلیچدار ئۆغڵۆ بەراورد بە ئەردۆغان رێزێکی زیاتر لە پرۆسەی دیموکراسی دەگرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا بەهەمان شێوە پشتیوانی کلیچدار ئۆغلۆ دەکەن، محمت ئەمیت کرداس سەرکی ئەو پارتە هەمان بۆچۆنی دووپاتکردەوە.

٢٠٪ی دانیشتوان

گەرچی ئامارێکی راست و دروستی ژمارەی کوردەکانی تورکیا لەبەردەستدا نییە و تەنها چەند هەڵسەنگاندنێک هەیە کە ئاماژە بەوەدەکات ١٥ ملیۆن کورد لە تورکیادا دەژین کە دەکاتە ٢٠٪ی دانیشتوانی تورکیا و زۆرینەیان لە ناوچەکانی باشوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەژین. کوردەکانی تورکیا بەدرێژایی ژیان و مێژوویان لەململانێدابوون لەگەڵ حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی تورکیادا چونکە ئەوان سەربەخۆیی کوردەکانیان رەت کردووەتەوە.

چاوەڕێ دەکرێت ٨ بۆ ٩ ملیۆن کورد ئەمجارە دەنگبدەن بەکاندیدی ئۆپۆزسیۆن کەدەکاتە ١٣٪ی دەنگەکان، پرسیارەکە ئەوەیە ئامەد کە بەقەڵای کوردان ناسراوە دەتوانێت وەک چۆن رۆڵی سەرەکی هەبوو لەهێنانی ئەردۆغاندا ئاواش رۆڵی هەبێت لەخستنیدا؟

بەدەستکارییەوە لەئاژانسی فرانس ٢٤ وەرگیراوە













گەلەری