سەردێڕ:

مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە تورکیا

PM:05:33:12/05/2023

1008 جار خوێندراوەتەوە

دوای تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهان و روخاندنی دەوڵەتی عوسمانی، تورکیا بە سەرکردایەتی موستەفا کەمال ئەتاتورک، هەستا بە دانانی دەستورێکی عەلمانی و پەیڕەوکردنی سیستمی دیموکراسی، لە ساڵی ١٩٢٣وە تا ئێستا تورکیا دەسەڵاتداری وڵاتەکەی لە رێگای هەڵبژاردنەوە دیاریدەکات.


هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٢٣ لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٣ موستەفا کەمال ئەتاتورک و پارتی گەلی کۆماری، توانی ١٥٨ دەنگی پەرلەمان لە کۆی ٢٨١ کورسی بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا کە رکابەری نەبوو، ١٢٣ ئەندامی پەرلەمانیش لەو رۆژەدا بەشداری دانیشتنەکە نەبوون، بەوەش ئەتاتورک بووە یەکەمین سەرۆکی تورکیای دوای سەردەمی عوسمانی.

هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٢٧

لە ١ی تشرینی دووەمی سالی ١٩٢٧ بۆ جاری دووەم کەمال ئەتاتورک خۆی بۆ سەرۆکایەتی وڵات کاندید کردەوە و لە جاری دوەمیشدا توانی دەنگی ٢٨٨ ئەندامی پەرلەمانی لە کۆی ٣١٨ دەنگ بەدەستبهێنێت و لە جاری دووەمیشدا ئەتاتورک هیچ رکابەرییەکی نەبوو.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٣١

بۆ جاری سێهەمی و بە بێ رکابەری، ئەتاتورک وەک سەرۆک کۆماری تورکیا لە رێگای پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا و ٢٨٩ دەنگی لە کۆی ٣١٧ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٣٥

لە رۆژی یەکی مارسی ١٩٣٥ بۆ جاری چوارەم و کۆتایی جارێکی دیکە و بە بێ رکابەری کەمال ئەتاتورک بوەوە بە سەرۆک کۆماری تورکیا و ٣٨٦ دەنگی لە پەرلەمان بەدەست هێنایەوە و لە ماوەی چوارخولی سەرۆکایەتیدا، پیتەکانی زمانی تورکی لە عەرەبییەوە بۆ لاتینی گۆڕی و لە ساڵی ١٩٣٨ کەمال ئەتاتورک گیانی لەدەستدا، لە کاتێکدا ساڵێک ماوەی هەڵبژاردن مابووە و تورکیا هەڵبژاردنێکی دیکەی ئەنجامدا.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٣٨

لە دوای مردنی ئەتاتورک لە ١٩٣٨ و تەواو نەبوونی ماوەی یاسایی بۆ هەڵبژاردن تورکیا هەڵبژاردنیکی ئەنجامدا بۆ ماوەی تەنها یەکساڵ و عیسمەت ئینۆنۆ بووە دووەمین سەرۆک کۆماری تورکیا بە ٣٤٨ دەنگی پەرلەمان.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٣٩

لە دوای یەک ساڵ جارێکی دیکە لە تورکیا هەڵبژاردن ئەنجامدراوەیەوە و لە رۆژی ٤ی نیساندا و عیسمەت ئینونو بە سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە و ٢٤٩ دەنگی لە کۆی ٤١٣ دەنگ بەدەستهێنا بەڵام ١٦٤ ئەندامی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٤٣

لە ساڵی ٨ی ئازاری ١٩٤٣ بۆ جاری دووەم عیسمەت ئینونو بۆ جاری دووەم بە سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە و بێ ڕکابەر بوو هاوشێوەی ئەتاتورک و ٤٣٥ دەنگی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٤٦

بۆ جاری هەشتەم و لە ٥ی ئابی ١٩٤٦ لە رێگای پەرلەمانەوە سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە و بۆ یەکەم جار سێ کاندید بەشداریانکرد ئەوانیش بریتیبوون لە عیسمەت ئینونو، فەوزی جاکماق، یوسف کەمال بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی ٤٤٩ ئەندامی پەرلەمان بۆ جاری سێهەم بە دەنگی ٣٨٨ ئەندام پەرلەمان عیسمەت ئینونو بوەوە بە سەرۆک کۆماری تورکیا و فەوزی جاکماک توانی ٥٩ دەنگ بەدەستبهێنێت و کەمال یوسفیش تەنها دوو دەنگی بەدەستهێنا.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٥٠

لە ٢٢ی ئایاری ١٩٥٠ هەڵبژاردن بۆ جاری نۆیەم بەڕێوەچوو، سەرۆکایەتی وڵات لەرێگای پەرلەمانەوە دیاریدەکرا و بۆ جاری نۆیەم دوو کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبوون کە ئەوانیش جەلال بایار و عیسمەت ئینونو بوون، لە دەنگادانەکەدا جەلەل بایار توانی ٣٨٧ دەنگ بەدەستبهێنێت و لە بەرامبەردا عیسمەت ئینونو ٦٦ دەنگی بەدەستهێنا و جەلال بایار بووە سێهەمین سەرۆک کۆماری وڵات لە خولی نۆیەمدا.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٥٤

لە ١٤ی ئایاری ١٩٥٤ دەیەمین خولی هەڵبژاردنی تورکیا بەڕێوەچوو کە تیایدا جارێکی دیکە رکابەری لە نێوان عیسمەت ئینونو و جەلال بایار کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماربوون و بۆ جاری دووەم بە دەنگی ٤٨٦ پەرلەمانتار توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێتەوە و ئینونو تەنها ٢٧ دەنگی بەدەستهێنا.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٥٧

لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩٥٧ لە رێگای پەرلەمانەوە و بۆ جاری سێهەم جەلال بایار وەک سەرۆک کۆماریوڵات دیاریکرایەوە و بەهۆی بەدەستهینانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بە بێ رکابەری وەک سەرۆکی کۆمار دیاریکرایەوە.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٦١

لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٦١ لە رێگای پەرلەمانەوە کاندیدێکی سەربەخۆ بە بێ رکابەری وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا بە ناوی جەمال کورسل وەک سەرۆکی کۆمار هەڵبژێردرا.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٦٦

لە رۆژی ٢٨ی ئازاری ١٩٦٦ سەرۆکێکی نوێ بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا دیاریکرا، جەودەت سونای کە جەنەڕاڵێکی پێشووی سووپا بوو ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ حەوت ساڵ دیاریکرا و تا ساڵی ١٩٧٣ لە پۆستی سەرۆک کۆماردا مایەوە.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٧٣

لە هەڵبژاردنی ١٩٧٣ سێ کاندید بۆ سەرۆکایەتی رکابەریان دەکرد کە بریتیبوون لە محەمەد تیکین و فاروق گورلر و فیروح بوزبیلی بوون و بە درێژای ١٤ دانیشتنی پەرلەمان نەیانتوانی یەک لەسەر سێی دەنگی پەرلەمان ودەستبهێنن و ئەمەش وایکرد جەنەڕاڵێکی پیشووی هێزی دەریایی خۆی لە خولی ١٥ خۆی کاندید بکات بە ناوی فەخری تورکوک بەشێوەی سەربەخۆ و توانی سەرکەوتن بەدەستبهینێت و بۆ ماوەی حەوت ساڵ سەرۆک کۆماری تورکیا بووە.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٨٠

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٨٠ شکستی هێنا، هەڵبژاردنەکە لە ١٢ی ئازار دەستی پێکردوو دوای ١١٥ دانیشتنی پەرلەمان نەتواندرا سەرۆک کۆمار دیاربکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو کودەتایەی لەو ساڵەدا ئەنجام درا.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٨٢

لە دوای کودەتاکەوە نەتوادرا سەرۆکێکی نوێ بۆ تورکیا دیاریبکرێت و ئەوەش بووە هۆی گۆڕینی دەستور و لە گشتپرسییەکدا گۆڕینی دەستور قبوڵکرا و دواتر بەپێی ماددەی ١ی دەستور رەزامەندی درا بە دانانی کەنعان ئۆرون وەک سەرۆک کۆماری نوێی تورکیا.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٨٩

لە رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر دوو کاندید لەیەک پارتی سیاسی بۆ سەرۆکایەتی کاندید بوون، پارتە سیاسییەکە بریتیبوو لە پارتی نیشتمانی دایک لە نێوان تورکوت ئۆزاڵی سەرۆکوەزیران و فەتحی شیلکباش ئەنجامدرا و تورکوت ئۆزال بە ٢٦٣ دەنگ توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، تورکوت ئوزال پێش تەواو بوونی ماوەکەی گیانی لەدەستدا.

+

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٣

دوای مردنی تورکوت ئۆزال، لە رۆژی ٨ی ئایاری ١٩٩٣ هەڵبژاردن ئەنجامدرا و چوار کاندید بۆ سەرۆکایەتی هەبوو، لە ماوەی دوو دانیشتنی پەرلەماندا هیچیان نەیانتوانی یەک لەسەر سێی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، کاندیدەکان بریتیبوون لە سلێمان دەمیرل و کامران بیلان و لتفا دوغان و ئیسماعیل جیم، کە دوای دوو دانیشتن و لە دانیشتنی سێهەمدا سلێمان دەمیرڵی سەرۆکوەزیران لەسەر پارتی رێگای راست توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٠

لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٠٠ بۆ جاری حەڤدەیەم لە رێگای پەرلەمانەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار ئەنجامدرایەوە و لە نێوان ١٠ کاندیددا ئەحمەد نەجدەت سیزری کاندیدی سەربەخۆ توانی بە دەنگی ٣٣٠ ئەندام پەرلەمان سەربکەوێت و بووە سەرۆک کۆمار تا ساڵی ٢٠٠٧.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧

لە رۆژی ٢٠ی ئابی ٢٠٠٧ لە رێگای پەرلەمانەوە و لە نێوان سێ کاندیددا هەڵبژاردن ئەنجامدرا، کاندیدەکان بریتیبون لە عەبدوڵا گیول و سباحتێن غولو و تەیفون ئیشلی، لە ئەنجامدا پەرلەمان بە ٣٣٩ دەنگ عەبدوڵا گیولی لەسەر پارتی داد و گەشەپێدان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژارد.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤

بۆ یەکەمین جار سەرۆک کۆماری وڵات لە رێگای دەنگدانی راستەوخۆوە هەڵبژێردرا، کاندیدانی ئەو خولەی سەرۆکایەتی هەریەکە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان و ئاکملەدین ئیحسان ئۆغڵۆی سەربەخۆ بوون.

لە هەڵبژاردنەکاندا ئەردۆغان توانی لە٪٥١ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و بووە سەرۆک کۆماری تورکیا، لەو هەڵبژاردنەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە ٪٩ی دەنگەکانی تورکیا و بە ژمارەی دەنگدەر سێ ملیۆن و ٩٥٨ هەزار و ٤٨ دەنگی بەدەستهێنا.

+

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨

لە رۆژی ٢٤ی حوزەیران، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەشێوەی راستەوخۆ ئەنجامدرا دوای گۆڕینی دەستور لە ساڵی ٢٠١٧وە لە پەرلەمانییەوە بۆ کۆماری و بەوەش سەرۆکی وڵات دەبێتە خاوەنی دەسەڵات.

لە هەڵبژاردنەکەدا جارێکی دیکە سەلاحەدین دەمیرتاش و رەجەب تەیب ئەردۆغان و موحەرەم ئینجە و میرال ئاکشینار و تمل ئۆغڵۆ و دوگۆ برینجک بوون، لەو هەڵبژاردنەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و لە ٪٥٢ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و بۆ جاری دووەم بوەوە بە سەرۆک کۆماری تورکیا.

ئامادەکردنی: کامیار کەمال













گەلەری