سەردێڕ:

ئەردۆغان: خەباتمان کردووە بۆ مافی کوردەکان کە وەک شیری دایکیان پێیان حەڵاڵە

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا
AM:11:53:11/05/2023

932 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆککۆماری تورکیا لەهەژمارە فەرمییەکانی خۆی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیامێکی لەبارەی کوردەکانی تورکیا بڵاوکردەوەو دەڵێت، خەباتی زۆریان بۆ مافی کوردەکان کردووەو بەوتەی خۆی، "وەک شیری دایکیان پێیان حەڵاڵە".


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، پەیامێکی لەبارەی کوردەکانەوە بڵاوکردووەتەوەو تیایدا داوا لەکوردەکان دەکات، بەشداری لە رووداوی سەدەی تورکیادا بکەن، کە مەبەستی لەهەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئەم مانگەی وڵاتەکەیە.

ئەردۆغان رایگەیاندووە، کەس ناتوانێت بەزەبری چەک ئیرادەی کوردەکان کۆنتڕۆڵبکات و بە خوشک و برای خۆیان ناویان دەهێنێت.

دەشڵێت، "هەرکەسێک هەوڵبدات دەست بۆ مافەکانتان ببات رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانێتیی کۆماری بەرامبەر خۆی دەبینێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەموکوڕیمان هەیەو شتانێک هەن ویستوومانە ئەنجامیانبدەین و پێماننەکراون، بەڵام دەستکەوتەکانمان بۆ ماف و ئازادییەکان بۆ تورکیا دیارن."

بڕیارە لە ١٤ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزارو ٩٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیەو لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزارو ٦٧١ دەنگدەر لەدەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیەو لەکۆی گشتی دەنگدەرانیش پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگدەری نوێ بەشداریدەکەن کە یەکەمجارە دەنگدەدەن.

لەتورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بۆ دەرچوونی پارتەکانیش سیستمی "هۆندت" پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا پێویستە هەر پارتێک بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت تاکو بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.













گەلەری