سەردێڕ:

سودانی و وەزیری وزەی ئێران دۆسییەکانی ئاو و کارەبایان تاوتوێ کرد

PM:04:50:06/05/2023

1652 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری وزەی ئێران تاوتوێی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لەبارەی پشکی ئاو و کارەبایان کرد.


نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران لە بەغدا پێشوازیی لە عەلی ئەکبەر میحرابیان وەزیری وزەی ئێران و شاندی یاوەری کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، لە دیدارەکەدا تاوتوێی بوارەکانی هاوکاری هاوبەش و چۆنییەتی پتەوکردنی ئاڵوگۆڕ و هەماهەنگی لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی رووبەڕووی کەرتی وزە دەبنەوە کران.

هەروەها، باس لە دۆسیەی کارەبا و بەستنەوەی کارەبا لە ئێرانەوە بەتۆڕی کارەبای نیشتمانی عێراق کرا.

هاوکات، کەمئاوی و کاریگەریەکانی وشکەساڵی و پشکی ئاو لە رێڕەوی رووبارە هاوبەشەکان یەکێکی دیکە بووە لەو دۆسییانەی سودانی و میحرابیان گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە.

هەر بەگوێرەی راگەیانراوەکەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی جەختی لە گرنگی بەردەوامی گفتوگۆ و هەماهەنگی و سوود وەرگرتن لە ئارامی سیاسی لە ناوچەکەدا کردەوە لەپێناو دەستەبەرکردنی سوود و خواستی هەموو گەلانی دۆست و برا.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ عەلی ئەکبەر میحرابیان بەسەردانێکی فەرمی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی سێیەمی بەغدا بۆ پرسی ئاو گەیشتە فرۆکەخانەی نەجەفی نێودەوڵەتی.













گەلەری