سەردێڕ:

کونسوڵی تورکیا لە هەولێر: دەنگدان پرۆسەیەکی گرنگە و داوا لە هاوڵاتییان دەکەین بەشداربن

AM:11:36:05/05/2023

1544 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵی تورکیا لە هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە هەولێر بەبێ بوونی کێشە بەڕێوەچووە و زیاتر لە سێ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و پرۆسەکە تاوەکو ٧ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، "دەنگدان مافێکی دیموکراسی و گرنگە و داوا لە هاوڵاتییانمان دەکەین بەشداربن."


مەولود یاقوت کونسوڵی تورکیا لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە هەولێر دەستی پێکردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەمڕۆوە تاوەکو رۆژی یەکشەممە هاوڵاتییانی تورکیا لە هەرێم دەتوانن لە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و دەنگبدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پرۆسەی هەڵبژاردنی تورکیا بوو و بە سەرکەوتوویی و بەبێ بوونی هیچ کێشەیەک بەڕێوەچوو و بانگهێشتی هاوڵاتیانیان دەکەن بۆ بەشداریکردن، چونکە دەنگدان پرۆسەیەکی دیموکراسییە.

مەولود یاقوت وتیشی، "سێ هەزار و ٨٤٣ کەس لە هەرێم مافی دەنگدانیان هەیە لە کونسوڵخانەی تورکیا."

لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنەوە باسی لەوەکرد، پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە رێگەی دوو فۆرمی جیاوازەوە دەکرێت و دواتر هەڵدەگیرێت و رەوانەی تورکیا دەکرێتەوە بۆ ژماردنی دەنگەکان.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە کاتژمێر ٩ی شەوی رێکەوتی ٧ی ئایار کۆتا وادەی بەشداریکردن دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە کونسوڵخانە، بەڵام لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل پرۆسەکە تاوەکو رێکەوتی ٩ی ئایار بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە لە لە ١٤ی ٥ی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی و کەمال کلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە دوو کاندیدی رکابەری یەکترن.

لەم هەڵبژاردنەدا سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگدەر لە دەرەوەی تورکیادا مافی دەنگدانیان هەیە و پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگدەری دیکەش یەکەمجارە دەنگ دەدەن. بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێنج هاوپەیمانی پێکهێنراون و هەر پارتێکیش بتوانێت بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت دەتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.













گەلەری