سەردێڕ:

پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا لە هەرێم دەستی پێکرد

AM:10:04:05/05/2023

2320 جار خوێندراوەتەوە

بەیانی ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٩ دەرگای بنکەی دەنگدان لە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بەڕووی دەنگدەرانی تورکیادا کرایەوە و پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێکی نوێ و ٦٠٠ ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستی پێکرد، بڕیارە پرۆسەکە لە هەرێم و عێراق سێ رۆژ بەردەوامبێت.


پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک و پەرلەمانی تورکیا لە هەرێم و عێراق بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوامدەبێت کە ئەمڕۆ رێکەوتی ٥ی ٥ی ٢٠٢٣ دەستی پێکرد تا ٧ی٥ی ٢٠٢٣ بەردەوامدەبێت.

لە تەواوی عێراق پێنج هەزار و ٧٤١ دەنگدەری تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٨٣٤ دەنگدەری تورکیا لە هەرێمی کوردستانن.

لە عێراق و هەرێم لە هەریەک لە پارێزگاکانی بەسرە و بەغدا و هەولێر پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێکی نوێ و ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە لە لە ١٤ی ٥ی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی و کەمال کلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە دوو کاندیدی رکابەری یەکترن.

لەم هەڵبژاردنەدا سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگەر لە دەرەوەی تورکیادا مافی دەنگدانیان هەیە و پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگدەری دیکەش یەکەمجارە دەنگ دەدەن. بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێنج هاوپەیمانی پێکهێنراون و هەر پارتێکیش بتوانێت بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت دەتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.

بە گوێرەی سیستمی هەڵبژاردن لە تورکیا هەر کاندیدێک بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت پێویستە بەربەستی ٥٠٪ تێپەڕێنێت.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیادا پێنج هاوپەیمانی بەشداری دەکەن

یەکەم: هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵاتدار لە هەریەک لە پارتی داد و گەشە و بزوتنەوەی نەتەوەیی و یەکبوونی گەورە و پارتی رەفای نوێ پێکهاتووە. هەروەها هەیەک لە هودا پار، کە پارتێکی ئیسلامی کوردییە و پارتی چەپی دیموکرات پشتیوانی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن.

دووەم: هاوپەیمانی گەل کە بەهێزترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە و بە توندی ململانێی ئەردۆغان دەکات، لە هەریەک لە پارتەکانی گەلی کۆماری و نوێ و ئایندە و سەعادەت و دەوا ودیموکرات پێکهاتووە. سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان داوای گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی دەکەن.

سێیەم: هاوپەیمانی تێکۆشان و ئازادی کە هەریەک لە پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"، کە بۆ ئەوەی لە قەدەغەکردن رزگاری بێت بەناوی "پارتی چەپی سەوز" بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات و خاوەنداری هاپەیمانێتییەدەکات و لەگەڵ پارتی کاری تورکی بە پشتیوانی پارتە چەپە کوردییەکان هاوپەیمانێتییەکەی پێکهێناوە، لەماوەی رابردوودا رایگەیان کەمال کلیچدار ئۆغلۆ کاندیدی ئەوانیشە.

چوارەم: هاوپەیمانی ئاتا "باوان" لە پارتی ئازادی و پارتی سەرکەوتن کە ئومێد ئۆزداغ سەرۆکایەتی دەکات، پێکهاتووە.

پێنجەم: هاوپەیمانی یەکێتی هێزە سۆشیالیزمەکان لە پارتی بزوتنەوەی شیوعی و پارتی تورکی شیوعی و پارتی چەپ پێکهاتووە.

هەروەها، کاندیدی هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵاتدار رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی پارتی داد و گەشە "ئاکاپارتی" دەسەڵات و سەرۆککۆماری ئێستای تورکیایە.

لەبەرمبەردا، کاندیدی هاوپەیمانی گەل کەمال کلیچدار ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆمارییە کە بەهێزترین رکابەری ئەردۆغان و بەرەی ئۆپۆزسیۆن پێکدەهێنێت.

هاوکات، سینان ئۆغان کاندیدی "هاوپەیمانی باوان"ە بەپشتیوانی هاوپەیمانی "تێکۆشان و ئازادی"، بەڵام تائێستا هاوپەیمانی هێزە سۆشیالیزمەکان هیچ کاندیدێکیان نییە و خۆشیان بۆ هیچ کام لەو سێ کاندیدە یەکلایی نەکردووەتەوە.

پەرلەمانی تورکیا لە ٦٠٠ کورسی پێکهاتووە هەریەک لە ئەستەنبول ٨٩ پەرلەمانتار و ئەنقەرە ٣٦ پەرلەمانتار و ئیزمیر ٢٨ پەرلەمانتار و بۆرسا ٢٠ پەرلەمانتار و ئەنتاڵیا ١٧ پەرلەمانتار و ئەدەنا ١٥ پەرلەمانتار و کۆنیا ١٥ پەرلەمانتار و پارێزگاکانی دیکەش پشکیان لەنێوان یەک بۆ ١٤ پەرلەمانتارە.













گەلەری