PM:04:00:26/08/2022
2616 جار خوێندراوەتەوە
وتەبێژی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە بەنداوی دهۆک خنکاو و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و لە ئاکرێش کورێکی دیکەی تەمەن ٢٢ ساڵ لە رووباڕی زێی گەورەدا خنکاوە.
هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی حسێن حەیدەر لە کاتی مەلەکردندا لەناو بەنداوی دهۆکدا خنکاوە و تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی رزگارکردنەوە دەرکراوە و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە.
هاوکات، بە گوێرەی زانیارییەکانی
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە قەزای ئاکرێ هەر ئەمڕۆ گەنجێکی دیکەی تەمەن ٢٢ ساڵ بەناوی
کۆسرەت فەیسەڵ کە خەڵکی گوندی سەرکەندێی سەر بە ناحیەی هەریر بووە، لە رووباری زێی
گەورەدا خنکاوە.
هاوکات، ئاماژەی بەوەشکردووە کە گەنجەکە
بەمەبەستی ئەنجامدانی کشتوکاڵ چووەتە نزیک رووبارەکە و کەوتووەتە ناوی و تەرمەکەشی
نەدۆزراوەتەوە.
لای خۆشیەوە، بێوار عەبدولعەزیز
وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، تەنها
لەمساڵدا لە سنوری دهۆک ٢٥ کەس خنکاون و ٤١ کەسیش لە خنکان رزگارکراون.