وەک چەند هەینی رابردوو، ئەم هەینیەش لایەنگرانی سەدر نوێژی بە کۆمەڵیان لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان لە ناوچەی سەوزی بەغدا ئەنجامدا، و پێشنوێژی سەدرییەکان رایگەیاند، " گەندەڵی گەیشتووەتە ئاستێک بەرگەی ناگیرێت."
موهەند مەوسەوی وتاربێژی نزیک لە رەوتی سەدر لە دوای نوێژی هەینی ئەمڕۆ لە ناوچەی سەوز بۆ خۆپیشاندەران و لایەنگرانی سەدر ئەوەی خستەڕوو، شۆڕشی عاشورا عێراق دەخاتە سەر نەخشەی چاکسازی و دادپەروەری و دووپاتیشیکردەوە، "گفتوگۆ بۆ بەردەوامبوونی گەندەڵی قبووڵ ناکەن."
ئاماژەی بەوەشدا، داواکاریەکانی شۆڕشی عاشورا بریتییە لە ماف و پرۆژەکانی
نەهێشتنی گەندەڵی و وتیشی، "شۆڕشی چاکسازی هیچ گفتوگۆیەک بۆ بەردەوام بوونی گەندەڵی
قبوڵ ناکات."
باسی لەوەشکرد، بوونی ترس لە دەسەڵات بووتە هۆی ئەوەی هەندێک کەس بوێری ئەوەیان
نەبێت داوای مافی رەوای خۆیان بکەن و گەندەڵی گەیشتووەتە ئاستێکی بەرگەنەگیراو.
ئەوەشی خستەڕوو، دادگاکان دەبێت دادپەروەری خۆیان بسەلمێن و هیچ دانوستانێک
لەگەڵ گەندەڵکارەان بوونی نییە جگە لە خۆپیشاندان لە دژیان.
ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، نزیکەی مانگێکە لایەنگرانی سەدر لە خۆپیشاندان لەبەردەم
باڵەخانەی پەرلەمان لە ناوچەی سەوز لە بەغدا بەردەوامن لە دژی قەیرانە سیاسیەکانی
عێراق و داوادەکەن پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
هاوکات، لە چەند رۆژی رابردوو لایەنگرانی سەدر بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەبەردەم
باڵەخانەی دەستەی دادوەری باڵای عێراق بە هەمان داواکاری خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و
پاشان دەستەکە کارەکانی راگرت و دواتریش موقتەدا
سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوای کشانەوەی لە لایەنگرانی کرد.