لە کاتی گواستنەوەی تۆمەتبارێک لە بنکەی گرتن و گواستنەوەی هەولێر بەرەوە بنکەی پۆلیسی عەنکاوە، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە دەست هێزەکانی پۆلیس رفێندراوە بە زەبری هێز.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، دوێنێ تۆمەتبار (ئـ.س.م)ی تەمەن ٢٨ ساڵ لەدوای ئەوەی لەسەر سکاڵایەک کە لەسەری تۆمارکراوە لە بنکەی پۆلیسی عەنکاوە بەرەو ئەوێ گواستراوەتەوە، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بە زەبری چەک لە هێزەکانی پۆلیس فڕێندراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی
لە چاوگێکی پۆلیس دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، تۆمەتبارەکە بە حەوت تاوانی دزی
تۆمەتبارکراوە کە پێنجیان دزینی ئۆتۆمبێل بوون و دوو دزی دیکەش کە ٨٠ مسقاڵ زێڕ
وبڕی حەوت هەزار دۆلار و ٢١ ملیۆن دیناری عێراقی بووە.
هاوکات، هەر بەگوێرەی
زانیارییەکان، لە کاتی گواستنەوەی تۆمەتبارەکە تەنها یەک پۆلیس و شۆفێرێک وەک
چاودێر لەگەڵیدابوون و ئۆتۆمبێلێک رێگەی لێگرتوون و بە هەڕەشەی چەک تۆمەتبارەکەیان
لە دەست پۆلیس فڕاندووە.
چاوگەکەی پۆلیس باسی
لەوەشکردووە، ماوەی سێ مانگە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی هەولێرەوە دەسگیرکراوە و کۆتا
تۆمەتی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیکی دزراو بووە بە کەسێک و پاشان دەستگیرکراوە و
بەوهۆیشەوە سەرجەم تاوانەکانی تری ئاشکرا کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری
ئێن ئاڕ تی، تۆمەتبار لەناو شاری هەولێر شەش خانووی بە کرێ گرتووە و بەردەوام خۆی
لە هێزە ئەمنیەکان حەشارداوە.
هاوکات، ئەو پۆلیس و
شۆفێرەی لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا بوون لە ئێستادا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە
دەستبەسەرکراون لەسەر بابەتەکە و هێزە ئەمنییەکان لە گەڕاندان بۆ دۆزینەوەی
تۆمەتبارەکە.
ر.ک