سەردێڕ:

سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ خەڵکەکەی: زستانێکی سەخت بەڕێوەیە

AM:11:31:26/08/2022

5060 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ روبەڕووبوونەوەی زستانێکی سەخت و سەرۆکی ئۆکرانیاش نیگەرانی خۆی لە کەمی و بەرزی نرخی غاز دەربڕیووە و بە هاوڵاتییەکانی وڵاتەکەی دەڵێت، "خۆتان بۆ زستانێکی سەخت ئامادە بکەن."


ڤۆلۆدیمێر زیلێسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکدا بە خەڵکی وڵاتەکەی راگەیاند، زستانی داهاتوو دەبێتە سەخترین زستان بۆ ئۆکرانیا بەهۆی بەرزی نرخی غازەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، نرخی غاز لە ئێستادا لە ئەوروپا گەیشتووەتە زیاتر لە سێ هەزار دۆلار بۆ هەر هەزار مەتر چوارگۆشەیەک و کاربەدەستانی ئۆکرانیا زۆرترین هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی وڵاتەکە ئامادە بکەن بۆ تێپەڕاندنی زستانی ئەمساڵ.

سەرۆکی ئۆکرانیا وتوشیەتی، "بارودۆخی غاز لە وڵاتەکەمان زۆر مەترسیدارە."

لە ماوەی رابردووش بەرپرسانی ئۆکرانیا پێشبینی ئەو کێشانەیان کرد کە دەکرێت لە زستان رووبەڕووی ئۆکرانیا ببێتەوە.

پارێزگاری کیڤی پایتەختی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە بۆ ماوەیەک کارەبا ببڕێت.

ئاماژەی بەوەشدا، کاربەدەستانی وڵاتەکەی خۆیان ئامادەکردووە بۆ حاڵەتێکی لەم جۆرە و سووتەمەنی یەدەگخراوە و بەشی تێپەڕاندنی ماوەیەک دەکات.

پارێزگاری کیڤی پایتەختی ئۆکرانیا ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن، بۆیە ئامۆژگاری خەڵکی ئۆکرانیا دەکەن جلوبەرگی گەرم بپۆشن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە مانگی شوباتی رابردووە هێزە سەربازییەکانی روسیا هێرشی کردە سەر ناوچە سنووریەکانی ئۆکرانیا و هەتا ئێستاش ئەو دوو وڵاتە لە جەنگێکی سەختدان، یەکێتی ئەوروپاش جووڵەکانی روسیای بە "داگیرکاری" ناوبرد و چەندین سزای ئابووری بەسەردا سەپاند.













گەلەری