پزیشکانی رووسیا بە سەرکەوتوویی وەرەمێکی دەگمەنیان لە دڵی منداڵێکدا دەرهێنا

AM:10:08:22/08/2025

456 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکانی نەشتەرگەری ڕووسیا لە نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزدا بە سەرکەوتوویی وەرەمێکی دەگمەنیان لە دڵی منداڵێکدا دەرهێنا.

پزیشکانی سەنتەری پزیشکی لە شاری مۆسکۆ نەشتەرگەرییەکی گەورەیان ئەنجامدا و ژیانی کوڕێکی تەمەن پێنج ساڵانیان ڕزگارکرد کە بەدەست وەرەمی دڵەوە دەیناڵاند.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ڕوسیا، منداڵەکە دوای ئەوەی لەناکاو هۆشی لەدەستداوە، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەکاتی پشکنین پزیشکەکان تێکچوونی توندی لێدانی دڵیان بۆ دەرکەوتووە و بڕیاریانداوە نەشتەرگەرییەکی بەپەلەی بۆ ئەنجامبدەن.

لە کاتی نەشتەرگەریەکەدا وەرەمێکی گەورەیان لە بەشی چەپی دڵی منداڵەکەدا دۆزیوەتەوە، ئەمەش پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی گەورە هەبوو بۆ لابردنی.

لابردنی وەرەمەکە زۆر مەترسیدار بووە بەهۆی تەمەنی بچووکی نەخۆشەکەوە، جێگەی باسە پێش نەشتەرگەرییەکە پزیشکانی نەشتەرگەری دڵ ئامێری دیفیبریلەتەریان لە جەستەی منداڵەکەدا چاندووە، ئەم ئامێرە توانای ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی سەربەخۆ چاودێری ڕیتمی دڵ بکات و لە کاتی پێویستدا بە تەزووی کارەبا پارێزگاری لە لێدانی دڵ بکات.

لەسەر ئەم بابەتە، ئەندرێی سڤۆبۆدۆڤ، بەڕێوبەری بەشی پزیشکی دڵی منداڵان رایگەیاند " نەشتەرگەری لەم جۆرە بە دەگمەن لەسەر منداڵان ئەنجام دەدرێت بە بەراورد بە گەورەکان، بەڵام لەم حاڵەتەدا سەلامەتترین بژاردە بووە، توانرا بە سەرکەووتوانە نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجام بدرێت".