ڕەنگی ددانەکان کێشە تەندروستییەکان ئاشکرا دەکەن

PM:03:16:20/08/2025

360 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایان دووپاتیان کردەوە کە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕەنگی ددانەکان ڕەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ کێشە تەندروستییەکان، ئاماژەیان بەوەش کردووە کە پشکنینی بەردەوامی ددان بەشدارە لە خۆپاراستن لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان.

بەپێی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی، هەر گۆڕانکارییەک لە ڕەنگی ددانەکاندا ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ زوو خراپبوونی ددان یان کێشەی تەندروستی فراوانتر، وەک نەخۆشی جگەر و تێکچوونی مینای ددان.

ئالن چانگ، تەکنیکاری پزیشکی ددان ڕایگەیاند، ددانەکان نیشانەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەدەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە پشکنینی بەردەوامی ددان ڕێگری لە کێشەی تەندروستی زیاتر دەکات، بەم شێوەیە:

١. پەڵەی زەرد:

بە گوتەی چانگ، پەڵەی زەرد بەهۆی زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی چا و قاوە دروست دەبێت، بەڵام ڕەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ کێشەی جگەر.

٢. پەڵەی خۆڵەمێشی:

ڕەنگی خۆڵەمێشی مات نیشانەی ئەوەیە کە مینای ددانەکە لاواز بووە.

٣. پەڵەی قاوەیی:

ڕەنگە پەڵەی قاوەیی نیشانەیەکی سەرەتایی خراپبوونی ددانەکان بێت.

٤. هێڵی شین و خۆڵەمێشی:

هێڵە شین و خۆڵەمێشیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە ئەم هێڵانە لە ئەنجامی خواردنی دژە زیندەیی لە منداڵیدا بێت، ئەمەش وەک نیشانەیەکی ئاگادارکەرەوە لەسەر ددانەکان دەردەکەوێت.

٥. پەڵەی ڕەش:

پەڵەی ڕەشی تۆخ بە مانای خراپبوونی تەواوی ددانەکە دێت یان مردنی شانەکانی دێت، ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی لەدەستدانی ددان یان هەوکردنی مەترسیدار.