سەردێڕ:

ئیشکالیەتی (وەلی ئەمر)

PM:01:00:08/08/2023
10580 جار خوێندراوەتەوە
ناسیح مه‌لا كه‌ریم
+ -

چەمكە مەعریفی و فەلسەفی و پەروەردەیی و سیاسیەكان، زادەی بیری مرۆڤن ، لەدایكبووی كۆمەڵگەن ، دەرهاویشتە و لێكەوتەی هەلومەرجە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابورییەكانن و لەسەرزەویەوە سەرچاوە دەگرن.

بەڵام چەمكە قورئانیەكان سەرچاوەكەیان خوای موتەعالە و لە ئاسمانەوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆ نموونە: رۆژوو، نوێژ، زەكات، حەج، ئەمانەت، تاعەت، اولوا الامر، قیبلە... هتد. هەریەك لەو چەمكانە ئاسمانین و ناكرێ لەژێر هیچ پاساوێكدا ناوی داتاشراویان بەباڵادا بكرێ. گەروا بكرێ، ئەوە گەورەترین تاوانەو درۆیە بەدەم خوداوە .

لەم نوسینەدا هەوڵدەدەین لەكڵاو رۆشنەیەكی قورئانیەوە باس لەو چەمكە ستەملێكراو و شێوێنراوە بكەین كە پێیدەوترێ ( أولوا الامر) . پاشان بزانین لە قورئانی پیرۆز شتێك هەیە بەسیغەی ( وەلی ئەمر)؟ ئەی شرۆڤەکاران و زانایانی ئیسلام رایان چییە سەبارەت بە ( اولوا الامر) ؟؟

( وەلی ئەمر) یان ( اولوا الامر) ؟؟

لەدەقە قورئانیەكاندا وە لە فەرموودەكانی پیغەمبەری ئیسلام – درودی خوای لەسەر بێت- وە لای زانایانی موعتەبەر شتێك نیە بەناوی ( وەلی ئەمر)ەوە، بەڵكو ئەوەی هەیە ( اولوا الامر). بە سیغەی كۆ . لە قورئانی پیرۆزدا لە دوو ئایەتدا لە سورەتی ( نیساء) ، خوای گەورە ناوی ( أولوا الامر)ی هێناوە؛

ئایەتی یەكەم: ئایەتی ژمارە ( 59) ((يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ)). واتە : ((ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر و فەرمانڕەواكان بكەن كە لەخودی خۆتانن - لە بیروباوەڕ و پابەندیدا- )).

لێرەدا دەپرسین (أولوا الامر) كێن؟ وەڵامەكە بەهەوەسبازی و دەمارگیری نابێت. هاوەڵانی پێغەمبەر - درودی خوای لەسەر بێت وە تابیعین و موفەسیرین بەتایبەت تەبەری و قورتوبی و ئیبنو كەسیر و ئیبنو تەیمیە و نەوەوی و زۆرێكی تر لە موفەسیرین و زانایان لەسەر ئەوەن كە ( أولوا الامر) واتە كاربەدەستان و فەرمانڕەواكان و زانایانی پسپۆرییە جیاجیاكان . پاشان وشەی (منكم ) هاتووە، واتە ئەو كاربەدەستەی كە گوێڕایەڵی واجبە دەبێ لە ئیمانداران بێت .. یانی چی؟؟ واتە . دەبێ نوێژگەر و دادپەروەر و پابەندی ئەحكام و رێساكانی شەریعەت بێت و بەرگری لە مەزڵومان و خاكی موسڵمانان بكات و كۆمەڵێ مەرجی تر كە زانایان بەكۆدەنگی دایانناوە وەك مەرجی بنەڕەتی بۆ ( اولوا الامر) وەك (ماوەردی لە ئەحكام سوڵتانی)دا هێناوێتی .

(قورتوبی) بەر لە 790 ساڵ كە دەبینێت هەندێ لە كاربەدەستانی ئەو سەردەمە دادپەروەر نین و مافی خەڵكی دەخۆن، وتویەتی: ( كاربەدەستانی ئەم زەمانەیە دروست نیە بەگوێیان بكەین، حەرامە پشتگیرییان بكەین، نابێ بەگەورەیان بزانین) ئەم ئایەتەش كە پێشتر ئاماژەمان پێكرد، راستەوخۆ دوای ئایەتی ( إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَى أَهْلِهَا وَإِذَا حَكَمْتُمْ بَيْنَ النَّاسِ أَنْ تَحْكُمُوا بِالْعَدْلِ ) هاتووە كە زۆرینەی زانایانی سەلەف و موفەسیرین دەڵێن مەبەست پێی كاربەدەستان و فەرمانڕەوا موسڵمانەكانە لە گێڕانەوەی مافەكان و دادپەروەری لەنێوان خەڵكیدا .

ئایەتی دووەم لەهەمان سورەتدا – واتە نیساء- خوای موتەعال دەفەرموێ((وَإِذَا جَاءَهُمْ أَمْرٌ مِنَ الْأَمْنِ أَوِ الْخَوْفِ أَذَاعُوا بِهِ وَلَوْ رَدُّوهُ إِلَى الرَّسُولِ وَإِلَى أُولِي الْأَمْرِ مِنْهُمْ لَعَلِمَهُ الَّذِينَ يَسْتَنْبِطُونَهُ مِنْهُمْ)). واتە: هەركاتێك هەواڵێكیان بۆ بێت دەربارەی ئاسایش و هێمنایەتی، یاخود ترس و بیم، بڵاوی دەكەنەوە، خۆ ئەگەر ئەو هەواڵەیان بڵاونەكردایەتەوەو بیانگێڕایەتەوە بۆلای پێغەمبەر یان بۆلای (كاربەدەستانێك كە لە خۆیانن)، ئەوە ئەوانەی كە لەنهێنی هەواڵەكان تێدەگەن و دەكۆڵنەوە، نهێنی و رازەكانیان لێ دەردەهێنا .

بەوردی سەرنج بدەین لێرەشدا ( اولوا الامر) هاتووە نەك ( وەلی ئەمر) . هەروەها وشەی (منهم) هاتووە واتە لە موسڵمانان.

ماوەتەوە بڵێین:

یەكەم: پێدانی نازناوی ( وەلی ئەمر) بەكاربەدەستانێ كە رێبازی ئیسلام وەلادەنێن و شەریعەت پیادە ناكەن و هیچ پابەندییەكی ئاینییان نیە و مەرجی (ئیمام ) یان (خەلیفە) یان (امیر المومنین)یان تێدا نیە، دەڵێین: پێدانی ئەو نازناوە بەو جۆرە كاربەدەستانە، هەڵقوڵاوی هزری لادەرانە و دەروون بەزیوانەی ( مورجیئە)یە كە بە گۆشەی 180 پلە پێچەوانەی گروپی سەرلێشیواوی ( خەواریج)ە . (مورجیئەش) ئەو گروپە گومڕا و رێونكەرەن كە تەنانەت پێیانوایە ( فیرعەونی )ش موسڵمانە چونكە دواجار وتی باوەڕم بە خوای بەنوئیسرائیل هێنا .

دووەم: قسەكردن لەسەر چەمكەكانی قورئان و مانای ئایەتەكان ، گۆترەبازی و شەخسەنە نیە و دەبێ بگەڕێینەوە بۆ خودی قورئان و زانایانی سەلەف. كۆدەنگی زانیانیش لەسەر ئەوەیە كە (اولوا الامر) زانایان و كاربەدەستانن و ئەهلی حەل و عەقد و ئەنجومەنی شوران .

سێیەم: لەهەردوو ئایەتەكە وشەی ( منكم) وە ( منهم) هاتووە، كە ئەمەش مەرجی سەرەكی گوێڕایەڵبوون و بەگوێكردنی ( اولوا الامر)ە ، كە دەبێ لە گروپی موسڵمانان بن و رێوڕەسم و دروشمە ئاینیەكان جێبەجێ بكەن و فەرمان بەخراپە نەكەن و پابەندی قەولی و عەمەلی شەرعی خوا بن ، چونكە ( گوێڕایەڵی بۆ هیچ مەخلوقێك نیە لە بێ ئەمری خوای گەورە)دا .

چوارەم: شتێك نیە بەناوی ( وەلی ئەمر) نە لە قورئان نەلە سوننەت، نە لە كتێبە فیقهیەكان ، بەڵكو ناوەكانی ( ئەمیری موسڵمانان، خەلیفە، ئیمام) هاتووەو بەس، ئەویش بەمەرجی موسڵمانبوون و پابەندبوون بە یاسا و رێساكانی شەریعەتەوە.

پێنجەم: بەخشینی ناوی ( وەلی ئەمر) بە كاربەدەستان و دەسەلاتدارە دەستڕۆشتووەكان، كە نەك پابەندی شەریعەت نین، بەڵكو شەریعەتی خوا رەتدەكەنەوەو بە عەمەلی هیچ جۆرە پابەندییەكیان بە ئایینەوە نیە. دەڵێین : بەخشینی ناوی (وەلی ئەمر) بەم جۆرە دەسەڵاتدارانە، گەورەترین ناپاكی زانستیەو پینەكردنی دونیای ستەمكارانە بە فرۆشتنی ئایین .

شەشەم: لەهەموو حاڵەتەكاندا، سەرۆكی وڵات هەر ناوێكی هەبێ( امیر المومینین، خەلیفە، سولتان، وەلی ئەمر- وەك ئەزعەفول ئیمان -) دەبێ راستەوخۆ لەڕێی گەلەوە هەڵبژێردرێت و متمانەی پێبدرێ، یان لەڕێی ئەنجومەنی شوراوە، لەهەردوو بارەكەشدا دەبێ پابەندی شەرع و شورا بێت و تاكڕەوانە مامەڵە نەكات .

گەلەری