سەردێڕ:

حوکمڕانانی هەرێم و تێکشکاندنی بەهاکانی هاوڵاتیبوون

AM:11:56:01/07/2022
2304 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلى محەمەد
+ -

بەهاکانی هاوڵاتیبوون بریتین لە کۆمەڵێک بەها کە لەڕێگەیەوە هاوڵاتی هەست بەبوونی شوناسی نیشمان دەکات و لەئەم ڕێگەیەوە هەوڵ دەدات بەشداری سیاسی هەبێت و وەک هاوڵاتییەکی باش لەنێو کۆمەڵگەدا مامەڵەبکات و بەهۆیەشەوە تاک خۆشەویستی نیشتمان لەدڵدا دەچەسپێت و ئامادەی قوربانیدانە لەپێناویدا.

بۆئەوەی ئەم حاڵەتەش لەلای هاوڵاتی هەبێت، دەبێت حوکمڕانان فەزایەکی دیموکراسی و کراوەی بۆدروست بکەن، لەپێناو بەشداری لە چالاکییە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کەهەمووان دەبێت وەک هاوڵاتی مامەڵەیان لەگەڵدابکرێت و مافەکانیان پارێزاوبێت و هەمووان لەبەرامبەر یاسادا یەکسانبن.

لەگۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا زۆر گرنگی دەدرێت بەچاندن و گەشەپێدانی بەهاکانی هاوڵاتیبوون، چونکە ئەو بەهایانە بە بنەمای پێکهاتەی سایکۆلۆژیای مرۆڤ دادەنرێت و بۆئەم مەبەستەش زۆر گرنگی بە پەروەردە و فێرکردن دەدرێت، هەتا لەو رێگەیەوە بەهاکانی هاوڵاتیبونی نەوەی نوێ گەشەبکات و هاوڵاتیەکی باش بەهەرم بهێنێت .

لەوڵاتە پێشکەوتوەکان و خاوەنی پلانی ستراتیجیدا دەوڵەت گرنگیەکی زۆر دەدات بەم بوارە و ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار سەرف دەکات لەپێناو گەشەپێدانی گیانی مرۆڤ دۆستانە و هاوڵاتیبوون و ئاشناکردنیان بە بەها بەرزە مرۆییەکان، هەتا لەم رێگەیەوە دەوڵەت لەسەر هەموو ئاستەکان گەشەبکات و بگاتە ئەو ئاستەی کەبەپێی پلانەکە بۆی دیاریکراوە.

بەڵام ئەوەی لەهەرێمی کوردستاندا دەیبینین شتێکی ترەو حوکمڕانان لەجیاتی ئاڕاستەکردنی هاوڵاتیان بەرەوزیاتر گەشەکردنی بەهاکانی هاوڵاتیبوون و بنیات نانی مرۆڤی چاک. ئەوان ئاڕاستەکەیان پێچەوانە کردۆتەوە و هەموو ئەوبەها جوانانەی کە لەکۆمەڵگەی کوردستانیدا هەبوو هەموویان بە لەرزە خستوە، بەم هۆیەشەوە لەجیاتی ئاڕاستەکردنی تاک بەرە و بەها مرۆییەکان دێن بەدەستی خۆیان ئەو بەهایانە شکست پێدەهێنن و لە جێگەیدا کولتورێکی وێران و داڕزاو نمایش دەکەن، هاوڵاتی بۆ ئەوەی ببێتە تاکێکی چاکە خواز بۆخزمەتی نیشتمان دەبێت سەرەتا هەست بکات کە ئەم نیشتیمانە نیشتیمانی خۆیەتی و لەسەر خاکەکەی خۆشگوزەرانە و حوکمڕانەکانی دادپەروەر و شەفاف و راستگۆن و دڵسۆزانە کار لەسەر چەسپاندنی مافەکانی هاوڵاتی دەکەن و پلانیان هەیه بۆ گەشەپێدانی نیشتیمان.

بەڵام لەهەرێمی کوردستاندا، هەست ناکەیت کە بەرپرسان بەم گیانە نیشتیمانیەوە کاربکەن، بەڵکو هاوڵاتیان وەک گرووپێکی بەرژەوەندی خواز و کلیپتۆکراسی (چەتەگەری)دەیان بینین و رۆژبەڕۆژیش پێگەی سیاسی نیشتمان بەرە و وێرانی و نادیار دەبەن و هاوڵاتیانیش ژیانیان بەرەو خراپی و ناڕەحەتی دەڕوات. لەکاردانەوەی ئەم دۆخەدا هاوڵاتیان کە نەتوانن لەڕێگەی سروشتی و یاساییەوە مافەکانیان بەدەست بهێنن، پەنادەبەنە بەر توندوتیژی و کوشتن و گەندەڵی، بەم هۆیەشەوە ئێستا لەکوردستاندا دەبینین دیاردەی لادانی رەوشتی و دزی و توندوتیژی و هەڵوەشانەوەی خێزان و درۆ و دەیان دیاردەی تر روو لە زیادبوون دەکەن، کە دوایەمینیان کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆ بوو لەلایەن قوتابییەکەوە. بەم هۆیەشەوە دەتوانین بڵێین کەکۆمەڵگەی کوردی بەرەو ئاڕاستەیەکی مەترسیدار دەڕوات، چونکە لە ئێستادا لە ئاستی باڵا هەوڵێکی جدی نابینین بۆ ڕێگرتن لەو ئاستەی کە حوکمڕانان لەسەری دەڕۆن، بەم هۆیەشەوە کۆمەڵگەزیاتر بەرەو لێک هەڵوەشان و وێرانی دەڕوات. چونکە لەژێر سایەی ئەم جۆره حوکمرانیەدا

هاوڵاتی زۆرتر لە بەهاکانی هاوڵاتیبون دووردەکەوێتەوە و لە جێگەیدا مرۆڤێکی نامونتەمی و توڕە و بێ مۆراڵ و توندوتیژ دەردەچێت و خۆی بەخاوەنی نیشتمانەنازانێت، لەبەرامبەر هەڕەشەکاندا بێ هەڵوێستە و بۆپاساوی ئەوەش دەڵێت کێ سوود مەندە لە خێر و بێری نیشتمان بائەوانەش بڕۆن بەرگری لێبکەن.

گەلەری