سەردێڕ:

ئەمڕۆ کاک مەسعود دەبێت چی بکات؟

PM:02:12:22/01/2022
5376 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+ -

بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، پۆستی سەرۆک کۆمار وەک نەریتێک لەلای کوردبووە، سەلام کۆشکی یەکلاکەرەوە بوو لای عێراقییەکان و هەیبەتێکی تایبەتی هەبوو، بەڵام لەئەنجامی کێبڕکێی نێوان یەکێتی و پارتی، لە ٨ ساڵی رابردوودا پۆستەکە گۆڕدرا بۆ دەخیلەیەکی کۆکردنەوەی ئیمتیازات و بەخشینی پۆستە باڵاکان.

سەرۆککۆماری عێراق باڵاترین پۆستی ئیدارییە لە هەیکەلی دەوڵەتی عێراقدا، ئەوەش بە پێی ماددەی (٦٧)ی دەستووری عێراق. لەرۆژانی شەڕی ناوخۆی سوننەو شیعەدا، کۆشکی سەلام کۆکەرەوەی لایەنە ناکۆکەکان بوو، گەورەترین کێشەکان لەوێ کۆتایی پێدەهێنرا، نەک هەر ئەوە حەوشەی پشتەوەی ئەمریکی و ئێرانیەکان بوو، هەر لەوێیش باڵێۆزانی ئەمریکاو ئێران سەروپێ و کەبابیان دەرخوارد دەدرا.

ئەوەی پۆستەکەی بێ ئەرزش کرد، ململانێی یەکێتی و پارتی بوو، نەک پۆستەکە، رەنگە هەندێک بەم قسەیە قەڵس بن، بەڵام بەدرێژایی هەشت ساڵی رابردوو کام بابەتی گرنگی عێراق و هەرێم لەکۆشکی سەلام یەکلایی بۆتەوە؟

کام بڕیاری ناهەق دراو، دەربارەی هەرێم لەوێوە رەتکرایەوە؟ رۆڵی سەرۆک کۆمار چی بوو لەبوجەی هەرێمدا؟ رۆڵی سەرۆک کۆمار چی بوو لەکێشە دەستوریەکانی نێوان هەولێرو بەغدا؟

رۆڵی سەرۆک کۆمار چی بوو لەدووبارە تەعریبکردنەوەی خورماتوو و تەقاندنەوەی مالە کوردەکانی ئەو شارە دوای رووداوەکانی ١٦ ی ئەکتۆبەر؟

نەک هەر سەرۆک کۆمار، بەڵکو سەرۆک کۆماری دواتر و دەیان پۆستی باڵای کورد چیان کردووە لەپێناو کەمکردنەوەی ناهەقییەکانی دەرهەق بەکوردی کەرکوک، هەر لەدانەمەزراندیانەوە تا دەگاتە نەگەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شوێنە کوردییەکان بەراورد بەناوچە عەرەبنشینەکان.

سەرۆک کۆمارەکانی دوای مام جەلال چی رۆژێک تەشریفیان هێنایە کەرکوک یان خورماتوو یان مەخمور؟ کامیان رۆژێک چوونە سەرگەڕان ئەو کاتەی عەرەبی هاوردە بەپاڵپشتی هێزەکانی عێراقی عەزیم دەچونە سەر ماڵە کوردەکان.

بەلایەکەی دیکەشدا کامیان سەردانێکی گەڕەکە هەژارنشینەکانی بەغداو کەربەلاو نەجەفیان کرد؟ کامیان لەسەر نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی بەسرەو بێدەرەتانی خەڵکی دیالە هاتنە دەنگ؟ کامیان لەسەر سەرپێچییەکانی دەستور هاتنە دەنگ؟ کامیان لەپرسی تاڵانکردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی عێراقیەکاندا هاتە دەنگ؟

عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بەسەرۆک کۆمارێکی بەهێزە، پاڵپشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت و لەسەر ناهەقییەکانی دەرهەق بەهەر هاوڵاتییەکی عێراق بێتە وەڵام، لەفاو بێت یان زاخۆ.

کێشەکە لە یەکێتی و پارتیدایە، مەسعود بارزانی بۆ بتوانێت نێو ماڵی سوننە رێکبخاتەوە بەڵام پێی عەیب بێت سازش بۆ یەکێتی و نەوەی نوێ و یەکگرتوو بکات و پێیان بڵێت فەرموون با بە ئەجێندایەکی کوردانەوە بچینە بەغداو سەرۆکێک دابنێین جێ دڵخوازی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بێت، بۆ عەرەبی شیعە بۆ رێکخستنی ماڵەکەیان کەسێکی بێلایەن هەڵدەبژێرن، بەڵام یەکێتی و پارتی پێیانوایە دەبێت ئەو پۆستە لە کن، حزبییەکی دیار بێت؟؟

کێ عەبادی و کازمی دەناسی پێش دەستبەکاربونیان؟ عەبادی پەرلەمانتار بوو، کازمیش رۆژنامەوانێک بوو؟

دەبێت بارزانی وەک سەرۆکی پارتی، کۆنگرەیەکی نیشتمانی ببەستێت، دوور لەئەجێندا حزبیەکان بەرنامەیەکی کار بخەنەڕوو.

٢٦ کاندیدی کورد هەیە، دەتوانرێت بەدەر لەوانە، کەسایەتییەکی دیار دەستنیشان بکەن، بۆ ئەوەی هەموو کورد پێکەوە دەنگی پێبدەن، ئەگەر نا عێراقی زۆرینە شمشێرێکی دوو سەرەیە (یوم لک و یوم علیک).

گەلەری