سەردێڕ:

هەموو شتێک دەربارەی ئەو وڵاتەی بەڕیتانیا کۆچبەرانی بۆ دەنێرێت

PM:07:14:16/04/2022

39088 جار خوێندراوەتەوە

رواندا ئەو وڵاتە ئەفریقییەى کە لەدواى جەنگى خوێناوى ساڵى ١٩٩٤، جارێکى دیکە بووە جێی سەرنجى میدیا جیهانییەکان، ئەوەش پاش بڕیارى بەریتانیا بۆ ناردنى ئەو کۆچبەرانەى بە نایاسایی دێنە سنورەکانییەوە بۆ ئەو وڵاتە.


لەدواین هەوڵیدا بۆ رێگریکردن لە هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی، بەریتانیا بەبەهای ١٢٠ ملیۆن پاوەند، رێکەوتنێکی لەگەڵ وڵاتی رواندا واژۆکرد. کە تیایدا هاتوە، هەر کۆچبەرێک بەنایاسایی بێتە ناو خاکی بەریتانیا بۆ وڵاتی رواندا دەگوازرێتەوە.

بڕیارەکەی بەریتانیا لە ناوخۆ و دەرەوەدا کاردانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا هێنا، ژمارەیەک لە رێخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەریتانیا هەر زوو دژی بڕیارەکە وەستانەوە و تارادەیەکیش بڕیارەکە بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز خوێندنەوەی بۆکرا، بەو پێییەی هەندێک کەس وەک وڵاتێکی هەژارنشین و دواکەوتوو سەیری رواندا دەکەن.

وڵاتی ڕواندا دەکەوێتە بەشی رۆژهەلاتی کیشوەری ئەفریقا و ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسە و لە چەند روویەکەوە خاڵی لێکچون و جیاوازی لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا هەیە.

هەڵکەوتەی جوگرافیایی رواندا بەجۆرێکە سەرجەم سنورەکانی وشکانین و هیچ سنورێکی ئاوی نیە، کە ئەوەش هاوشێوەی هەرێمی کوردستانە، رواندا گەرچی خاوەنی مێژویەکی خوێناوییە لە ئێستادا پێشکەوتوترین وڵاتی کیشوەری ئەفریقایە.

هاوشێوەى هەرێمى کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٤ جەنگی ناوخۆیی لە رواندا لەنێوان دوو هێزی سەرەکی ئەو وڵاتە بەناوی هوتو و توتستی رویدا، دواتر لەنێوان هەردوو هێزدا رێکەوتنی ئاشتی واژۆکرا.

لەدوای تێپەربونی ٢٨ ساڵ بەسەر جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتدا، لەئێستادا رواندا لەڕووی گەشەی ئابوریەوە لە پلەی یەکەمە لەسەر ئاستی کیشوەرەکەی و لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی حەوتەمدایە، بە تایبەت بەرهەمى پیشەسازیى کە ساڵى رابردوو بەرێژەى ١٦پۆینت پێنج گەشەى کرد و بەرهەمى کشتوکاڵیش بەرێژەى شەش پۆینت هەشت گەشەى کرد، هەر لەو ساڵەدا هەناردەى بەرهەمە کشتووکاڵییەکانى وەک قاوە و چا و چەند بەرهەمێکى دیکە بەرێژەى ٣٥% زیادیکرد.

لەساڵی ٢٠١٦ زۆرترین سەرمایەداری جیهان ویستویانە لەو وڵاتە بە پارەکانیان وەبەرهێنان بکەن.

لەبەرانبەردا لەهەرێمی کوردستان سەرباری هەبوونی داهاتێکی زۆر و دەوڵەمەندی وڵاتەکە بە سامانى سروشتى کەچی لەژێرسایەی پارتی و یەکێتی بەقسەی بەرپرسانی حکومەت ٣٣ ملیار دۆلار قەرزدارە.

فەرمانبەرانی حکومەت لەکاتی خۆیاندا موچەکانیان وەرناگرن و خانەنشینان لەسەرەی وەرگرتنی مووچەدا گیان لەدەستدەدەن. کەرتەکانى کشتوکاڵ و پیشەسازیی کەمترین پێویستى ناوخۆ پڕدەکەنەوە و هەرێم بە نزیکى بۆ هەموو بەرهەمێک پشت بە هاوردەى دەرەکى دەبەستێت.

جگە لەوەش شارەکانی واندا بە یەکێک لە خاوێنترین شارەکانی جیهان دادەنرێن، لەبەرامبەردا شەقامەکانی هەرێمی کوردستان لە زبڵ و خاشاکدا خنکاون.













گەلەری