سەردێڕ:

ئێران لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەری داوای نیازپاکی لە ئەمریکا دەکات

PM:04:00:10/04/2022

2156 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێویستە سەرۆکی ئەمریکا هەندێک لە سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت وەک پشاندانی نیازپاکیی لەپێناو زیندووکردنەوەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ تاران.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری ئەمیر عەبدوڵڵاهییان وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، پێویستە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هەندێک لە سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت وەک پشاندانی نیازپاکیی لەپێناو زیندووکردنەوەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ تاراندا.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی، ئەگەر بایدن نیازی لە هەڵگرتنی سزاکان و گەڕانەوە بۆ رێکەوتنە ئەتۆمییەکە هەیە، پێویستە پێشوەخت فەرمانێک دەربکات وەک نیشاندانی نیازپاکیی، نەک بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی سزاکان لەسەر هاوڵاتییانی مەدەنی ئێران.

ئاماژەی بەوەشدا، "لە چەندین بۆنەدا بە ئەمریکییەکانمان راگەیاندووە کە پێویستە پێش هەر رێکەوتنێک یەک دوو هەنگاوی کرداری جێبەجێبکەن، بۆ نموونە هەڵگرتنی هەندێک لە بلۆکبەندییەکانی سەر سەرمایەکانی ئێران لە بانقەکانی دەرەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێران و ئەمریکا بەدرێژایی ساڵی رابردوو لە ڤیەننا چوونەتە نێو چەندین گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بۆ کاراکردنەوەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥ کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکالە ساڵی ٢٠١٨ بەشێوەیەکی تاک لایەنانە لێی کشایەوە و ئێرانیش دوابەدوای ئەوە رێکەوتنەکەی پێشێلکرد و دەستی کردەوە بە بەرەوپێشبردنی کارنامە ئەتۆمییەکەی.

لەئێستادا گفتوگۆکان وەستاون بەهۆی ئەوەی تاران و واشنتۆن لۆمەی یەکتردەکەن لە کەمتەرخەمییان بەرامبەر بڕیارە سیاسییە پێویستەکان بۆ یەکلاکردنەوەی گرفتەکانی دیکە.













گەلەری

‌بەپەلە