سەردێڕ:

رکابەرە سەرسەختەکەی ماکرۆن کێیە؟

AM:10:10:10/04/2022

5732 جار خوێندراوەتەوە

ئەمرۆ فەرەنسیەکان چوونە سەر سندوقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و لەناو کێبڕکێی ١٢ کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، کاندیدی پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی راستڕەو بە توندی رکابەرایەتی سەرۆکی ئێستای فەرەنسا دەکات.


ئەمرۆ یەکشەممە، فەرەنسیەکان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، لە ئەگەری دەرنەچوونی هیچ کاندیدێک ئەوا پێشبیندەکرێت لە ٢٤ی ئەمناگەدا گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ فەرەنسا ١٢کاندید بۆ ئەو پۆستە رکابەری یەکتر دەکەن و لە نێویاندا ماری لۆپان کاندیدی پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی راستڕەو بە توندی رکابەرایەتی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئێستای فەرەنسا دەکات.

ماری لۆپان تەمەنی ٥٣ ساڵە و لە شاری نویی لە هەرێمی هۆت دون سن لە رۆژئاوای پاریس لەدایک بووە و بنەچەیەکی رۆژهەڵاتی هەیە و نەنکی دایکی لە کریستیانەکانی "قیبتییەکانی"میسرە.

ماری لۆپان هەڵگری بروانامەی ماستەرە لە یاسادا هەیە و لەساڵی ١٩٨٦ەوە دەستی بە کاری سیاسی کردووە و لەساڵی ٢٠٠٤ دا بووە ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا و هەتا ساڵی ٢٠١٧ لەو پۆستەیدا بەردەوام بووە.

لەبارەی بەڵێنەکانی ماری لۆپانەوە بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسادا، رۆژنامەی تێلەگراف ئەوەی خستووەتەڕوو، ماری لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا زیاتر گرنگی بە کێشەکانی ناوخۆی فەرەنسا دەدات و بەڵێنی ژیانێکی خۆشگوزەرانتر بە فەرەنسیەکان دەدات.

هاوکات، میدیا ناوخۆییەکانی فەرەنسا ماری بەوە تۆمەتباردەکەن لە ساڵی ٢٠١٤ دا قەرزی لە یەکێک لە بانکەکانی روسیا وەرگرتبێت، بەڵام روسیا ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.

هەروەها، میدیاکان باس لەوەشدەکەن ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە ماری بکات.

لەبەرامبەریشدا، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی ئێستای فەرەنسا کە لە ساڵی ١٩٧٧لە شاری ئەمیان لە باکوری پاریس لەدایک بووە و دەرچوی بەشی زانستە سیاسیەکانە و دوبارە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆدا کاندیدە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری فەرەنسا بە بەشداری ١٢ کاندید دەستی پێکرد و ئیماوێل ماکرۆن و ماری لوپان رکابەری سەرەکی یەکترن.













گەلەری