سەردێڕ:

روسیا تۆمارکردنی ١٥ رێکخراوی نێودەوڵەتی هەڵوەشاندەوە

AM:09:55:09/04/2022

3004 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دادی روسیا رایگەیاند، تۆمارکردنی ١٥ رێکخراوی نێودەوڵەتی و بیانی کە لە وڵاتەکەیدا کاردەکەن هەڵوەشاندەوە لە نێویشیاندا رێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی و هیومان رایتس وۆچ.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دادی روسیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، نوسینگەی سەرجەم ئەو ١٥ رێکخراوە نێودەوڵەتی و بیانیانەی تۆمارکردنیان هەڵوەشێنراوەتەوە لە روسیا داخران.

ئاماژەی بەوەشدا، لە نێو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا هەردوو رێکخراوی لێبورنی نێودەوڵەتی و هیومان رایتس وۆچ و لە ناو رێکخراوە بیانییەکانیش دامەزراوەی کارنیجی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی هەن کە تۆمارکردن و مۆڵەتی کاردنیان هەڵوەشێنراوەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دادی روسیا، هەڵوەشاندنەوەی تۆمارکردنی رێکخراو دامەزراوەکان بەهۆکاری پێشێلکردنی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی روسیا بووە، بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی زیاتر بخاتەڕوو.

لەلایەن خۆیەوە، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەدابوو، کە لە هێرشەکانی سوپای روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانی جەنگ کراوە.

لەبەرامبەریشدا، روسیا بەردەوام ئەو هەواڵانەی رەتکردووەتەوە و بە بێ بنەما و دور لەراستی وەسفی کردوون.

هاوکات، لەبارەی هەڵوەشاندەوەی تۆمارکردنی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچەوە لە روسیا، رێکخراوەکە لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، بڕیارەکەی روسیا هیج گومانی تێدانییە لە کاردانەوەی راپۆرتەکانیاندا بووە کە لە بارەی جەنگی ئۆکرانیاوە بڵاویان کردووەتەوە.

رێکخراوەکە لە تویتەری خۆی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم هەنگاوەی روسیا دەرخەری ئەو راستییەیە کە حکومەتی ئەو وڵاتە بەهیچ شێوەیەک راستییەکان و مافی هاوڵاتییانی ئۆکرانی بۆی گرنگ نیە و گوێ بە راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان نادات.













گەلەری