سەردێڕ:

وەزیری نەوتی عێراق: هەوڵدەدەین بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت

PM:04:27:08/04/2022

3188 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەوڵدەدەن بۆ زیاترکردنی رێژەی هەناردەی نەوتی خاو و داهاتی زیادەی فرۆشتنی نەوتیش بۆ بواری پشتگیریكردنی چینی هەژاران و وەزارەتی كارەبا خەرجدەکرێت.


ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد پشتگیری پەرلەمانی هەیە بۆ ئەوەی عێراق رێژەی نەوتی هەناردەکراو بۆ سەروی سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل بەرزبکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پشگیری خۆیان دەربڕیوە.

وەزیری نەوتی عێراق وتیشی بەمەش داهاتی نەوتى وڵات بەڕێژەیەکی بەرچاوبەرزدەبێتەوە و زیادەی داهاتی نەوتیش بەکاردەهێنن بۆ باشترکردنی بژێوی چینی هەژران و فەرمانبەرانی دەوڵەت هەروەها دابینکردنی پارەی پێویست بۆ کەرتی کارەبا.

ئیحسان عەبدولجەبار راشیگەیاند، وەزارەتەكە هەوڵدەدات بە خێراترین شێوە داهاتەكان زیاتر بكات و سەقامگیریی بازاڕی وزە و عێراق بپارێزێت لە بازاڕی جیهانیدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو عێراق بە بەھای زیاتر لە ١١ ملیار دۆلار واتا ١٦ ترلیۆن دینار نەوتی فرۆشت، کە ئەوەش بەرزترین ئاستی داھاتی فرۆشتنی نەوتە لە عێراق، لە ماوەی ٥٠ ساڵدا.













گەلەری