سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی موچەی مانگی ئازارەوە

PM:08:28:24/03/2022

135188 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتى دارایی هەرێم رایگەیاند، ٢٥ى ئەم مانگە داهاتى فرۆشراوى نەوتى مانگى رابردوو دەگەڕێتەوە خەزێنەى وەزارەتى دارایی. بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، حکومەت نیازی هەیە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی موچە بکات.


ئەو چاوگە ئەوەشى بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، بە گەڕانەوەى داهاتى فرۆشراوى نەوت پارەى زیاتر لە پێویستى موچە لە بەردەستدەبێت بۆ دابەشکردنى موچەى مانگى سێى موچەخۆران.

داهاتی فرۆشراوی مانگانەی نەوتی هەرێم بە بۆری نزیکەی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە و ئەگەر ٪٤١یشی بۆ موچە تەرخانبکرێت وەک بەرپرسان باسى دەکەن، ئەوا بەشى زیاتر لە موچەیەک دەکات.

بەپێی زانیارییەکانیش، ئێستا پارەی زیاتر لە موچەیەک لە خەزێنەی حکومەتدا بەردەستە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، سەرەتاى مانگى داهاتوو دەست بە دابەشکردنى موچەى مانگى سێ دەکرێت.

پێشتر وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاندبوو، ئەوان پەیوەستن بە دابەشکردنى موچە لە هەموو ٢٥ مانگێک، بەڵام حکومەت سەرەراى بەردەستبوونى داهات چەندین جار ئەم بەلێنەى شکاندووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئێستا بەرمیلێک نەوت زیاتر لە ١٢٠ دۆلارە، بەڵام حکومەتی هەرێم موچە دوادەخات وەکو ئەو کاتەی بە ٣٠ دۆلار بوو.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، هێشتا بەشێکی موچەخۆران و خانەنشینان موچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە و بیانوی حکومەتیش ئەوەیە کە بانقەکان پارەی تێدا نییە.

هێرش قادر، هەولێر













گەلەری