سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارێکی نوێی ئاوارەبوونی بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە بڵاوکردەوە

PM:08:43:20/03/2022

5600 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد کە جەنگی ئۆکراینا زۆر وێرانکەر بووە و ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە و لە ناوخۆی ئەو وڵاتدا ئاوارە بوون گەیشتووەتە ١٠ ملیۆن کەس.


فلیپۆ گراندی کۆمیسەری باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکیدا رایگەیاند، جەنگی ئۆکراینا ئەوەندە وێرانکەربووە ١٠ ملیۆن کەس، یان وڵاتیان جێهێشتووە و بوونەتە پەنابەر، یان لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارەبوون.

گراندی جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە بەهۆی ئەوانەی کە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا جەنگ هەڵدەگیرسێنن، هاوڵاتیانی مەدەنی ناچاردەبن ئاوارە و دەربەدەرببن و لە ناخۆشیدا ژیان بەسەردەبەن.

لە راگەیاندراوێکدا کە دوێنێ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوەکراوە کە دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا سێ ملیۆن و ٣٢٨ هەزار و ٦٩٢ پەنابەر لە ئۆکرایناوە چوونەتە وڵاتانی دراوسێی.

باس لەوەشکراوە، لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا، زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر لە ئۆکرایناوە چوونەتە پۆڵەندا.

هەروەها ٥١٨ هەزار و ٢٦٩ پەنابەر روویان لە رۆمانیا کردووە و ٣٥٩ هەزار و ٥٦ پەنابەر روویان لە مۆڵدۆڤا کردووە.

نزیکەی مانگێک دەبێت دوای ئەوەی پوتین فەرمانیکرد بە دەستپێکردنی ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا و باسی لەوەشکرد ئۆپەڕاسیۆنەکان بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیە لە مەترسییەکانی ناتۆ و لەبەرامبەریشدا ئۆکرانیا و ئەوروپا باسیان لەوەکردووە، هێرشەکانی روسیا ناڕەوان و هیچ پاساوێکیان نییە و داگیرکارییە و چەندین سزاشیان بەسەر وڵآتەکەدا سەپاندووە.


 













گەلەری