سەردێڕ:

عێراق سەرچاوەکانی هاوردەکردنی گەنمی ئاشکرا کرد

PM:03:17:12/03/2022

3696 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا بە هیچ شێوەیەک گەنمیان لە ئۆکرانیاوە هاوردە نەکردووە و تەواوی گەنمی عێراق لە هەردوو وڵاتی ئوستورالیا و کەنەداوە هێناوە و بەمەش هیچ کێشەیەکیان لە هاوردەکردنی گەنمدا بۆ دروست نابێت.


ئەمڕۆ شەممە، ئەسیر داود سلێمان بەڕێوەبەری کۆمپانیای دروستکردنی دانەوێڵە ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران پەیوەندیدارە بۆ هاوردەکردنی گەنم لە وڵاتانی جیهانەوە کە لە ئێستا و داهاتوشدا بەردەوامیان هەیە لە وەزری کشتوکاڵدا.

دەشڵیت، ماددە بنچیینەکان لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە دابیندەکرێت لە نێویشیاندا ئاردەکە لە گەنمەوە بەرهەم دەهێندرێت.

ئەسیر داود سلێمان باسی لەوەشکرد، بەرهەمی وەرزی کشتوکاڵی ئەمساڵ کەمترە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەڵام وەزارەتەکەیان ئامادەکارییان کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش پشت بە بەرهەمی ناوخۆی و هاوردەکراو دەبەستن لەو بابەتەدا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق هەرگیز گەنمی لە ئۆکرانیاوە هاوردە نەکردووە، چونکە ئۆکرانیا ئەو وڵاتە نییە کە سەرچاوەی عێراقە، بەڵکو عێراق لە هەردوو وڵاتی کەنەدا و ئوستورالیاوە گەنم هاوردە دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، سێ ملیۆن تەن گەنمی هاوردەکراو دەکڕێت بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتەکەدا و رێگری لە کەمبوونەوەی بەرهەمەکان و گرانبوونی نرخەکان دەکات.

هاوکات، کۆمپانیای ئەلئیتیحاد بۆ پیشەسازی خۆراک لە عێراق رایگەیاند، سێ گرێبەستیان بۆ وەزارەتی بازرگانی ئامادەکردووە بۆ هاوردەکردنی ١٠٨ هەزار تەن زەیت لە وڵاتی ئەرجەنتینەوە کە لەبەرژەوەندی سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتییاندایە.













گەلەری