سەردێڕ:

عێراق رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی قۆرخکاری بازاڕی ئاشکرا کرد

PM:12:28:11/03/2022

4856 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانانی گەورەدا دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی قۆرخکاریەکانی بازاڕ. هاوکات، چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ دەنگۆکانی گرانبونی نرخ لە بازاڕدا ئاشکرا کرد.


خالد ئەلمەحنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، "هەندێک لە بازرگانان بەرهەمەکان دەشارەنەوە و قۆرخی دەکەن بە مەبەستی سودوەرگرتن لێیان، بەڵام ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ گەورە بازرگانەکان هەیە بۆ رێگریکردن لە قۆرخکاری بازاڕ."

وتیشی، بە پێی یاسای عێراقی قۆرخکاری تاوانە و سزای هەیە.

باسی لەوەشکردووە، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ مەفرەزەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەبازاڕەکاندا دەگەڕێن بۆ پشکنینی بازاڕەکان و کۆنترۆڵکردنی قۆرخکاری کەرەستەکان و هەتا ئێستا ٣٢ بازرگان بە تۆمەتی قۆرخکاری دەستگیر کراون.

خالد ئەلمەحنا ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاماهەنگی هەیە لە نێوان مەفرەزەکانی وەزارەتی ناوخۆ و گەورە بازرگانەکان و هاوڵاتییان بۆ کۆنترۆڵکردنی قۆرخکاری، هەوڵەکانی وەزارەت لە چوارچێوەی یاسادا بەردەوام دەبێت بۆ رێگریکردن لەو دیاردەیە.

لەبارەی دەنگۆی گرانبونی نرخەکان لە بازاڕدا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا، "وەزارەتی ناوخۆ زۆر ئاستەنگی دێتە پێش بەهۆی دەنگۆکانچ لە لایەنی ئابوری و چ شێواندنی وێنەی هێزە ئەمنییەکان و بەڕێوبەرایەتیەکی تایبەتمان هەیە بۆ چارەسەری ئەو دەنگۆیانە."

وتیشی، هەندێک لە دەنگۆکان راستەوخۆ بە درۆ دەخرێنەوە و هەندێکی تریش بە دواداچونیان بۆ دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوە ی چەند رۆژێکە نرخی هەندێک لە خواردەمەنییەکان بەرز بووەتەوە و ئەمەش ترسی لای هاوڵاتییان دروست کردووە و تا رادەیەک بۆتە هۆی قۆرخکاری لە بازاڕدا.













گەلەری