سەردێڕ:

لەبارەی پەرەپێدان بە کێڵگە نەوتییەکان.. وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی گفتوگۆی کرد

PM:07:12:08/03/2022

3716 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی پەرەپێدان بە کێڵگەی نەوتی ناسرییە باشووری ئەو وڵاتە لەگەڵ کۆمپانیای "شێڤرۆن"ی ئەمریکی گفتوگۆی کرد.


بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لە پەراوێزی بەشدارییکردن لە کۆنگرەی وزە CERAWEEK ٢٠٢٢ کە لە ویلایەتی تێکساسی باشووری ئەمریکا سازکراوە، چاوی بە کارگێڕیی باڵای کۆمپانیای شێڤرۆن کەوتووە.

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، لە دیدارەکەدا، ئەو ھەنگاوانەی کە لەلایەن کۆمپانیای شێڤرۆن بە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی زیقار لەبارەی پەرەپێدان بە کێڵگەی نەوتی ناسرییە نراوە، گفتوگۆکراوە و وتیشی، "جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، دەبێتە مایەی بوژاندنەوەی ئابووری پارێزگای زیقار و گەشەپێدان بە ئابووریی نیشتمانی عێراق."

کێڵگەی نەوتی ناسرییە یەکێکە لە کێڵگەکانی نەوتی پارێزگای زیقار کە لە حوەزیرانی ٢٠٠٩دا، دەستکرا بە بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەکەدا و سەرەتا ١٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرھەم دەھێنراو و لە ٢٠١٨دا زیادکرا و گەیشتە ٩٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.

لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا، حکومەتی عێراق دەسەڵاتی دایە کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی وڵاتەکەی لەوەی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدان بە چوار کێڵگەی نەوت لە پارێزگای زیقار لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆن بکات، ئەوەیش بە ئامانجی ئەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە ماوەی حەوت ساڵدا لەو کێڵگانە، بگات بە ٦٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

عێراق لە دوای سعودیە دووەم گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە لەنێو وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک بە جۆرێک لە دۆخی ئاساییدا، رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم نەوت دەھێنێت و بۆ خەرجییەکانی دەوڵەتیش بەڕێژەی ٩٢ لەسەدا، پشت بە داھاتی فرۆشی نەوت دەبەستێت.













گەلەری