سەردێڕ:

ئێران: عێراق تەواوی بەڵگەنامەکانی کەیسی کوشتنی سولەیمانی رادەستکردووین

PM:11:36:10/02/2022

7064 جار خوێندراوەتەوە

ئێران لەبارەی کۆتایی کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی لێکۆڵینەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی سێشەممە و چوارشەممە سێیەمین خولی لێکۆڵیەنەوەکان لە بەغدا بەڕێوەچووە و عێراق بەڵگەنامە داواکاراوەکانیان رادەستکردوون.


بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئێرانی ئارنا، لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی عێراقی تەواوی ئەو بەڵگەنامانەی رادەستکردوون کە ئێران لێیانی داوا کردووە و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەختیان کردووەتەوە لە خێراکردن و هەماهەنگی زیاتردان لەبارەی دۆسییەکەوە.

کازم غەریب ئابادی جێگری سەرۆکی دەستەی دادوەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی وتوویەتی، "هەردوولا جەنختمان کردووەتەوە لەسەر تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لە نێوان ئێران و عێراقدا بۆ دیدگە جیاوازەکانی ئەم رووداوە، بە ئامانجی گەیاندنی سزای دادپەروەرانە بۆ تۆمەتباران بە زووترین کات."

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هەموو ڕێوشوێنە پێویستەکان لەلایەن هەردوولاوە بۆ دادگاییکردن و سزادانی هەموو ئەو کەسانەی بەشدارن لە فەرماندان و پلاندان و ئەنجامدانی کارەکە بە سزایی خۆیان بگەن.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی رایگەیاند، ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆتایی خولی سێیەمی کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوبەشی راگەیاندووە و دڵنیای داوە لەبارەی بەردەوامبوونی کۆبوونەوە هاوبەشەکان و ئاڵوگۆڕکردنی بەڵگەنامەکان کە سودی دەبێت بۆ لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی تاوانبارە راستەقینەکان.

بەرەبەیانی رۆژیی ٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەریەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردە ئامانج و هەردووکیان کوژران.














گەلەری