سەردێڕ:

سەدر لەبەغدا چی کرد؟

PM:12:52:29/01/2022

7428 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی نزیک لە موقتەدا سەدری سەرۆکی رەوتی سەدر رایگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ بە ئامانجی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی موقتەدا سەدر گەیشتە بەغدا، بەڵام هیچ کۆبوونەوەیەکی سازنەکرد و گەڕایەوە بۆ نەجەف.


چاوگێکی نزیک لە موقتەدا سەدری سەرۆکی رەوتی سەدر ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەوەی هیچ کام لەسەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پەیوەندییان بە موقتەدا سەدرەوە نەکردووە تا گفتوگۆ و سازان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە بکەن، موقتەدا بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەرەو نەجەف گەڕایەوە.

چاوگەکە ئاماژەی بەوەشدا، مەبەستی سەردانەکەی موقتەدا سەدر بۆ بەغدا بینین و کۆبوونەوەبووە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دەستنیشانکردنی کات و شوێنی کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا.

وتیشی، بەڵام هیچ سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی پەیوەندییان بە موقتەدا سەدرەوە نەکردووە، ئەویش بەغدای بەرەو نەجەف بەجێهێشت.

لەلایەن خۆیەوە، هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح لە میانەی بەشداری کردنی لە مەراسیمێکدا لە بەغدا رایگەیاند، پێویستە هێزە سیاسییەکان لەسەر پۆستی سەرۆکی وەزیرانی عێراق بگەنە ڕێککەوتن و بەپێچەوانەوە زیانی گەورە بەر گەلی عێراق دەکەوێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، گرفتیان لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیدا نییە، سوننەکان و پارتی و سەدریەکان حکومەت پێکبهێنن و ئەوانیش پیرۆزباییان لێدەکەن و هاوکاریان دەبن.

دوای گەڕانەوەی بۆ نەجەف، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر بە بڵاوکردنەوەی نوسراوێک بە دەستنوسی خۆی لە تویتەر جەختی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی کردەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان.

لە ئێستادا هەوڵی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و پڕکردنەوەى پۆستەکانی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار بەردەوامە، بڕیاریش وایە ٧ی مانگی داهاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ دیاریکردن و هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، نوسینگەی موقتەدا سەدر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر بەسەردانێک گەیشتە بەغدای پایتەخت.

ئاماژەی بەوەشدابوو، مەبەست لەسەردانەکە سازدانی چەند کۆبوونەوەیەکە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سیاسییەکانە بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە.













گەلەری