سەردێڕ:

موچەی بەشێک لە پۆلیسەکانی ئەم شارەی ھەرێم دزرا

PM:02:23:27/07/2021

52196 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە پۆلیسی دارستان بەشی کفری بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، موچەی سەرجەم کارمەندانی فەرمانگەکەیان دزراوە و ئەو کەسانەشی پارەکەیان بردووە نەناسراون.


 

ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی قەدووری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، لیژنەی وەرگرتنی مووچە لە بەشی کفری پۆلیسی دارستان پاش وەرگرتنی مووچەی کارمەندانی بەشەکەیان، بڕێک لە پارەکەیان لێ دزراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەکە لە چێشخانەیەکی ناوبازاڕی کەلار نانیان خواردووە، لەو کاتەدا کەسانی نەناسراو چوونەتە سەر ئەو ئۆتۆمبیلەی پارەکەی تیابووەو دزیویانە.

دەشڵێت، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کراوەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، مووچەی سەرجەم کارمەندانی بەشی کفری پۆلیسی دارستان ١٤٠ ملیۆن دینار بووە، لە ناو دوو ئۆتۆمبێلدا بووە، بڕی ٤٠ ملیۆنیان لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکاندا بووە و کەسانی نەناسراو ئەو بڕەیان بردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوای یەک ساڵ و یەک مانگ و چوار رۆژ، دوێنێ دابەشکردنی موچە بەبێ لێبڕین دەستی پێکرد و بڕیارە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی ٨ کۆتایی پێبهێنرێت.


 


گەرمیان حەمەی پور، گەرمیان












گەلەری