سەردێڕ:

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: پێش هێرشەکەی داعش ئامۆزایەکی ئەبوبەکر بەغدادی لەو ناوچانە بینراوە

PM:06:44:28/11/2021

20960 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە گەرمیان و پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەش برینداربوون، جێگری به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پیشمه‌رگه رایگەیاند، "چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو زانیاریمان پێ گه‌یشت كه‌ ئامۆزای ئەبوبەکر به‌غدادی له‌و ناوچانه‌ بووه‌ كه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و ئاگاداری پلانێكی له‌و شێوه‌یه‌ بووین."


رەحیم گەرمیانی جێگری به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پیشمه‌رگه بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، زانیارییان لەبەردەستدا بووە کە ئامۆزایەکی ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی پێشوی گروپی چەکداری داعش لەو ناوچانە بووە کە شەوی رابردوو هێرشیان بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئەنجامدا.

جێگری به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پیشمه‌رگه ئاماژەی بەوەشکردووە، ''له‌ كاتی هاتنی ئه‌و ئامۆزایەی ئەبوبەکر به‌غدادیدا بۆ سنوری ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستان و عێراق، پیشبینی كرابوو كه‌ داعش هێرش ده‌كات."

هەر لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە، مەحمود سەنگاوی فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، "ئیهمالی خۆمان بوو لەم هێرشەی داعشدا کە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون"، دەشڵێت، "داعش لە پاڵ سوپای عێراقەوە هێرش دەکاتە سەرمان."

هەرچەندە لەساڵى ٢٠١٧ حکومەتى عێراق کۆتاییهاتنى داعشى راگەیاند، بەڵام ناو بە ناو چەکدارانى سەر بەو گروپە هێرشدەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیان، لە ماوەی رابردووشدا هێرشەکانیان زیاتر کردووە.

ماوه‌یه‌كه‌ هێرش و پەلامارەکانی داعش زیادیکردووە، تا ئێستا له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا پێنج جار په‌لاماری هێزی پێشمه‌رگه‌ی لە سنوورە جیاوازەکان داوه‌ و سه‌رئه‌نجام چه‌ند پێشمه‌رگه‌ش شه‌هید بوون.

هاوکات، عوسمان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕاگه‌یاندن و هۆشیاریی نیشتمانی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی ئەوەی خستەڕوو، داعش ده‌یه‌وێت به‌ره‌ی فراوان له‌دژی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بكاتەوە و ئەوەش مه‌ترسییه‌كی خێرا و جددییه‌ و ده‌بێت به ‌زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێت،.

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو لە ناحیەى کوڵەجۆى گەرمیان داعش هێرشیکردەسەر سەنگەرەکانى پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ هێزەکان رۆشتووە بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.

لەماوەی رابردوودا، چەکدارانی گروپی داعش لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی هەیە هێرشیان دەکردە سەر سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان و ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشییان پێکهێنا و لەماوەی رابردووشدا ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان دژ بە گروپی چەکداری داعش ئەنجامدا.

گروپی چەکداری داعش لە ساڵی ٢٠١٤ توانییان دەست بەسەر رووبەرێکی فراوان لە خاکی سوریا و عێراقدا بگرن، دواتر بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ حکومەتی عێراق شکستپێهێنانی گروپەکەی لە خاکی عێراق راگەیاند.








گەلەری