جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "لەو ڤیدیۆیەی تیایدا سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکرێت، ئێمە حکومەت و پەرلەمان کەوتینە هەڵەوە و بەبێ ئەوەی خۆمان ماندوو بکەین و بەدوای راستیدا بچین ئەو ڤیدیۆیەمان دایە پاڵ خوێندکاران"، دەشڵێت، "داوای لێبوردن لە خوێندکاران دەکەین."
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا کۆنفرانی یەکسانی جێندەری و ستراتیژیەتی بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا رایگەیاند، ئەو کچانەی لە زانکۆی سلێمانیدا و لە خۆپیشاندانەکاندا بریندار بوون لەبەر ئەوە بریندار نەبوون کە کچن، بەڵکو لەبەر ئەوەی خۆپیشاندەرن و هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوویان بوونەتەوە."
وتیشی،
"کاتێک خوێندکاران خۆپیشاندان دەکەن و ئێمەی حکومەت لەجیاتی ئەوەی لێیان
تێبگەین و نزیک بینەوە و هێوریانبکەینەوە، دەچین ڤیدیۆیەکی کۆن دههێنین و
تۆمەتباریان دەکەین، بەبێ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێین و خۆمان ماندوو بکەین."
دەشڵێت، "ئەو ڤیدیۆیە بەسەر ئێمە و حکومەت و پەرلەمانیشدا
تێپەڕیوە و داوای لێبوردن لە خوێندکاران دەکەین."
ماوەی زیاتر لە
هەفتەیەکە خوێندکارانى
زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان
ئەنجام دەدەن و هێزە ئەمنییەکانیش دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژ دژیان
بەکاردەهێنن و ئازاری جەستەییان دەدەن و هەندێک خوێندکار لێیان دراوە، جگە لەوەی
تەقە بەسەر خوێندکارانیشدا کراوە، کە بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.
ئەو خوێندکارانە
باس لەوەدەکەن، دۆخ و باری ئابوریان سەختە و دەبێت حکومەت بەدەم داواکانیانەوە بچێت
و دەرماڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
لە ساڵانی
رابردوودا، چەندین خوێندکار هەبوون بەهۆی سەختی دۆخی ئابورییەوە وازیان لە خوێندن
هێناوە، یان رێگای ئەوروپایان گرتووەتەبەر، یانیش ساڵێکی خوێندنیان کردووەتە مۆڵەت
و کاریان کردووە، یانیش کەم خوێندکار هەیە لەگەڵ خوێندنەکەیدا کاری نەکردبێت.
حکومەت بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر
بە خوێندنی باڵای راگرتووە، بەڵام، خوێندکاران سورن لەسەر داواکارییەکانیان.
لە چەند رۆژی رابردووشدا حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان ڤیدیۆی
ئاڵایەکی کوردستانیان بڵاوکردەوە کە لە بەردەم زانکۆی سلێمانیدا کەوتووەتە سەر شەقام
و ئۆتۆمبێل بەسەریدا دەڕوات و چەند خوێندکارێک هەوڵی لابردنی دەدەن، بەڵام ئەوان
خوێندکارانی زانکۆیان بەوە تۆمەتبارکرد و ئاماژەیان بەوەکرد، "سوکایەتی بە
ئاڵای کوردستان کراوە."
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە
دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی
ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ
خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا،
کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر
ئاسان دەکردن.
هـ.ئـ