سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆ پاسپۆرت دەداتە رەوەندی عێراقی لەم وڵاتە

PM:12:35:27/11/2021

13660 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، شاندێکی وەزارەت سەردانی وڵاتی چین دەکات بەمەبەستی پێدانی پاسپۆرت بە رەوەندی عێراقی لەو وڵاتە.


ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد عەبدوستار عەزاوی بەڕێوەبەری کاروباری پاسپۆرت لە وەزارەتی ناوخۆیی عێراق بە ئاژانسی فەرمی ھەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەت شاندێک رەوانەی وڵاتی چین دەکات بەمەبەستی پێدانی پاسپۆرتی عێراقی بەو ھاوڵاتییانەی لەو وڵاتەدان و پاسپۆرتیان نییە.
ئاماژەی بەوەشداوە، شاندەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆماوەی یەک مانگ لە وڵاتی چین دەمێنێتەوە.
ئەحمەد عەبدوستار عەزاوی دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەی پاسپۆرت دەدرێتە ئەو ھاوڵاتییانەی پاسپۆرتییان نییە، پاسپۆرتی ئەو ھاوڵاتییانەش نوێ دەکرێتەوە کە ماوەی کارپێکردنیان بەسەر چووە.
وتیشی، دوێنێ شاندەکە گەیشتوونەتە ھەولێر بە مەبەستی بەڕێکەوتن بەرەو چین.
بەڕێوەبەری کاروباری پاسپۆرت لە وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ئاشکرای کرد، حکومەتی چین بەڵێنیداوە لەکاتی گەیشتنی شاندەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ ماوەی ٢١ رۆژ کۆی خەرجی رۆژانە و کرێی مانەوەیان لە ئوتێل لە ئەستۆ دەگرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای سەرھەڵدانی کێشەی کۆچبەران لە سنورەکانی نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەیەکەم ھەنگاویدا و بە ئامانجی گەڕاندنەوەی کۆچبەران بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە پاسپۆرتی بێ بەرامبەر دایە ئەو کۆچبەرانەی نەیانبوو. عەباس عیمران بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئەو ھاوڵاتییانەی لە سنوری بیلاڕوسیا - پۆڵەنداوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق، ژمارەیان گەیشتووەتە ھەزار و  ٤٥٨ کۆچبەر.

کـ ، ئـ












گەلەری