بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، ئەمشەو لە ناحییەی رزگاری رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان روویدا و بەو هۆیەشەوە سێ کەس برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، رووداوەکە لە ناحیەی رزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی لە جۆرەکانی "ئەسۆزو و نیسان پیک ئاب"دا روویداوە.
هاتوچۆی گەرمیان ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی رووداوەکەوە شۆفێر و دوو لە سەرنشینەکانی
نیسان پیک ئابەکە برینداربوون و بەمەبەستی وەگرتنی چارەسەریش، رەوانەی نەخۆشخانەی
شەهید هەژار لە گەرمیان کراون.
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا
دوو هەزار و ٢٨٧ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، کە تیایدا ٣١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە
و سێ هەزار و ٩٩١ کەسیش برینداربوون.
رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوون
یان کەمئەندامبوون دادەنرێت لە هەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبان و
کوالێتی رێگاوبانەکانەوە هەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی شۆفێران بە
خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی هاتوچۆوە هەیە.
نـ.غـ