سەردێڕ:

زانیارى نوێ لەبارەى خۆپیشاندانەکانى شار و شارۆچکەکانى کوردستان

PM:06:31:24/11/2021

13912 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان پێى نایە چوارەمین رۆژ و تیایدا بەشێک لە هاوڵاتییان بۆ پشتیوانى لەخۆپیشاندانەکە چوونە ریزى خوێندکاران و داواى دابینکردنى خزمەتگوزارییان دەکرد.


کارزان تاریق پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى لە سلێمانى لەبارەی خۆپیشاندانەکانی سلێمانییەوە ئاماژەی بەوەکرد "لە شەقامەکانی ئۆرزدی و پیرەمێرد و سابونکەران هێز بڵاوەی پێکراوە و هێزە ئەمنییەکان جێگیرکراون لە شوێنەکانی ناو بازار بەمەبەستی رێگریکردن لە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی".

وتیشی "هێزە ئەمنییەکان لێپرسینەوەیان لە خەڵکی کردووە لە کاتی داخستنی بازاڕدا بەمەبەستی ئەوەی بزانن خۆپیشاندەرن یاخود کاسبکار".

هاوکات لە خۆپیشاندانەکەى سەرلەئێوارەى ئەمڕۆى سەراى سلێمانیدا خوێندکارێک بەفیشەک بریندار بوو و بۆ چارەسەرکردن گەیەنرایە نەخۆشخانە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، خوێندکارە بریندارەکە تەمەنى ٢١ساڵە و فیشەک بەر قاچى کەوتووە و بۆ چارەسەرکردن گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و بارى تەندروستى جیگیرە".

هەروەها زوهرە عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی پیرەمەگرونەوە باسی لەوە کرد "خەڵکی پیرەمەگرون داوای خزمەتگوزاری و دابینکردنی پێداویستی و مافەکانیان دەکەن، خۆپیشاندانەکان لە پیرەمەگرون گرژی بەخۆیەوە بینیوە".

وتیشى "خۆپیشاندەران فەرمانگەکانى ناحیە، کارتى نیشتمانی، هاتوچۆ و کتێبخانەیان لە پیرەمەگرون سووتان".

دوابەدوای ئەوەی چوار رۆژە خوێندکاران رژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای دەرماڵە دەکەن، هاوشێوەی ئەوان ئەمڕۆ لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان (سلێمانی، سەیدسادق، رانیە، پیرەمەگرون) هاوڵاتییان بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییەوە رژانە سەر شەقامەکان.

یەکیک لە خۆپیشاندەران باسی لەوەکردوە گرفتی نەبوونی نەوت و غازییان هەیە لە کاتێکدا وەرزی سەرما دەستی پێکردووە و حکومەت بێباکە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆیان.

پەیامنێری ئێن ئاڕتی لە شاری سلێمانیش باسی لەوەکرد، لە شاری سلیمانی خۆپیشاندانی هاوڵاتییان دەستی پێکردووە لە سەرای سلێمانی و خۆپیشاندەران داوای خزمەتگوزاری و چاکسازییان دەکرد بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکرێژ و تەقەکردن روبەروی خۆپیشاندەران بونەتەوە.

بە گوێرەی وتەی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە شاری دهۆک، گرفتی کەمی غاز دروستبووە لە شاری دهۆک و خەڵکی سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی غاز و ئەمەش گرفتی بۆ ماڵان و خواردنگەکان دروستکردووە.















گەلەری