سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە رانیە و قەڵادزێ و کەلاریش دەستیان بە خۆپیشاندان کرد

AM:11:18:24/11/2021

3392 جار خوێندراوەتەوە

بۆ رۆژی چوارەم خۆپیشاندانی سەرجەم خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە شارەکانی هەرێمەوە بەردەوامە و داوای پێدانی دەرماڵەکانیان دەکەن.


لە شارە جیاوازەکانی هەرێمەوە خوێندکاران لەسەر شەقامن و پشتگیری داواکاری یەکتر دەکەن کە پێدانی دەرماڵەکانیانە.

ئەو خوێندکارانە باس لەوەدەکەن، دۆخ و باری ئابوریان سەختە و دەبیت حکومەت بەدەم داواکانیانەوە بچێت و دەرماڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا، چەندین خوێندکار هەبوون بەهۆی سەختی دۆخی ئابورییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە، یان رێگای ئەوروپایان گرتووەتەبەر، یانیش ساڵێکی خوێندنیان کردووەتە مۆڵەت و کاریان کردووە، یانیش کەم خوێندکار هەیە لەگەڵ خوێندنەکەیدا کاری نەکردبێت.

خوێندکاران سورن لەسەر داواکارییەکانیان، سەرەڕای ئەوەی دوو رۆژ پشوو راگەیاندرا، بەڵام خوێندکاران دەڵێن، کە ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت ئەوان خۆپیشاندان ئەنجام نەدەن.

ماوەى چوار رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

دوێنێش، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

هەر دوێنێش، لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.

ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی هێمنانە بوو و خوێندکاران دانیشتبوون بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان هەڵدایە ناو خوێندکاران و راویان نان بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو و دیمەنی ناو زانکۆی سلێمانی لە ئێستادا پڕە لە دوکەڵی گازی فرمێسک رێژ.

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.

هـ.ئـ













گەلەری