سەردێڕ:

گۆڕانکارییەکانی پێدانی کارەبا لە سێ مانگی داهاتوودا چۆن دەبێت؟

PM:05:29:22/11/2021

13300 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبا گۆڕانکارییەکانی بۆ سێ مانگی داهاتووی ئەمساڵ لە پێدانی کارەبادا خستەڕوو و وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پلانی نوێ لە ئارادایە و پێدانی بڕی کارەبای لە ناوچە ساردەکان و ناوچەکانی دیکە ئاشکراکرد.


ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا کۆبووەوە و تیایدا چەند بڕیارێکیان دا و چەند پلانێکیش بۆ باشکردنی دۆخی کارەبا لە مانگەکانی ١٢ و ١ و ٢ی داهاتوودا خرانەڕوو.

بەپێی بڕیارەکانی وەزارەتی کارەبا:

-تەواويی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبا و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی كارەبا پابەندی بڕیارەکانی کۆنترۆڵی ناوەندی وەزارەت دەبن.

-ئامادەکاریی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دابەشکردنی کارەبا بۆ وەرزی زستان لە مانگەکانی ١٢ و ١ و ٢ دەکرێت.

-راپۆرتی (داهاتی کارەبای شارەکان و سەرپێچییەکان) ئامادە دەکرێت.

-هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچی بەردەوام دەبێت و رێکاریی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

-بە کەمکردنەوەی رۆتین و دابینکردنی پێداویستییەکانی، پڕۆژەی پێوەری زیرەک خێراتر دەکرێت و ژمارەیەکی زیاتر دەبەسترێت.

لەو بارەیەشەوە، ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دەگۆڕێت و لە ناوچە ساردەکاندا ١٢ بۆ ١٣ کاتژمێر کارەبا دابین دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەو ناوچانەی ساردییان کەمترە زیاتر لە ١٥ کاتژمێر کارەبا دابین دەکرێت.

لەبارەی ئەو جیاوازییەشەوە ئەوەی خستەڕوو، "بوونی ئەم جیاوازییە لە دابینکردنی کارەبادا لە ناوچەکاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، خواستی کارەبا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە و لە ناوچە ساردەکاندا خواستێکی زۆر لەسەر کارەبا ھەیە."













گەلەری