سەردێڕ:

هاتوچۆی هەرێم نوێترین هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئۆتۆمبێلی مەلیکە ئاشکراکرد

PM:06:11:21/11/2021

15284 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئۆتۆمبێلی مەلیکە لە رێگەی قاچاغەوە هاوردەی هەرێم کراون، هەر بۆیە تۆمار نەکراون و ژمارەیان پێنادرێت. دەشڵێت، "چاوەڕێن وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی نوێ لەبارەیانەوە دەربکات".


ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولقادر عەزیز بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئۆتۆمبێلی مەلیکە بە شێوەی قاچاغ و نایاسایی هاوردە کراون، هەربۆیە تۆمار نەکراون و لە گومرگ باجییان نەدراوە و هیچ پێشینە و زانیارییەکیان لە هاتوچۆدا نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، "بە هیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێلە کراونەکان (مەلیکە) تۆمار ناکەین، لەبەر ئەوەی دەستکاری کراون و سوکانیان لە راستەوە بۆ چەپ گۆڕدراوە، ئەو ئۆتۆمبێلانە هی ئەوە نین لەسەر شەقامەکان بڕۆن."

وتیشی، چاوەڕێن وەزارەتی ناوخۆی هەرێم یاسا و رێنمایی نوێ لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە دەربەکات و ئەوکات بەگوێرەی ئەو یاسا و رێنماییانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن بەڵام لە ئێستادا وەک پێشو مامەڵەیان لەگەڵدەکەن کە چاوپۆشییان لێکردوون.

عەبدولقادر عەزیز باسی لەوەشکرد، ئێستا نزیکەی پێنج هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستاندا هەن کە لەبەر ئەوەی مەرجی توندوتۆڵییان نییە و لە پشکنین دەرناچن، تائێستا ژمارەیان بۆ نەکردوون.













گەلەری