سەردێڕ:

لە بەغداوە سەبەتەی خۆراک دەگاتە هەرێم

PM:03:22:21/11/2021

30932 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری خۆراکی سلێمانی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا و بەگوێرەی ئەو پلانەی وەزارەتی بازرگانی عێراق دایناوە سەبەتەی سێیەمی خۆراک دەگاتە کۆگاکانیان و دەست بە دابەشکردنی دەکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، شەوکەت محەمەد بەڕێوەبەری خۆراکی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا بەگوێرەی پلانی وەزارەتی بازرگانی عێراق سەبەتەی خۆراک دەگاتە کۆگاکانیان هاوشێوەی مانگی پێشوو دەستدەكەن بە دابەشكردنی.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا تەنها زەیت و شەکر گەیشتووەتە کۆگاکانیان، بەڵام بەهۆی کەمی بڕەکەیەوە دەستیان بە دابەشکردنی نەکردووە هەر کاتێک سەرجەم ماددەکان گەیشتن دەست بە دابەشکردنیان دەکەن.

شەوکەت محەمەد باسی لەوەشکرد، ئەو سەبەتە خۆراکەی بڕیارە دابەشبکرێت بۆ مانگی ١١ەیە.

لەلایەن خۆیەوە، عەلا جبوری وەزیری بازرگانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە دەستیانکردووە بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتییان و بەگوێرەی فۆڕمی خۆراک بەسەریاندا دابەشدەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، داوایان لە سەرجەم کۆگاکانی سەر بە کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی خۆراکی عێراق کردووە دەست بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بکەن کە لە شەش ماددەی سەرەکی پێکهاتووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ماددە سەرەکییەکان بکات.

رۆژی ٢٧ی مانگی ٧ی ئەمساڵ، دوای ١٥ ساڵ لە راگرتنی جارێکی دیکە ماددە زیادکراوەکانی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان لە ژێرناوی سەبەتەی خۆراک گەیشتە دەست بریکارەکانی خۆراک لە هەرێم، کە پێکدەهات لە فاسۆلیا، برنجی هیندی، دۆشاوی تەماتە، له‌تكه‌نۆک، رۆن، شه‌كر و نیسک.













گەلەری