هێزى سنوور پارێزى پۆڵەندا راگەیەندراوێکى لەبارەى هەوڵى چوونە ناو سنوورەکانی وڵاتەکەی لەلایەن کۆچبەرە گیرخواردووەکانى سنورى بیلاروسیا بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد، چەند کۆچبەرێک دیپۆرتى بیلاڕوسیا کراونەتەوە.
هێزى سنوور پارێزى پۆڵەندا ئاماژەى بەوە کردووە، دوێنێ شەممە ٢٠٨ ھەوڵی چوونە ناو خاکی وڵاتەکەیان دراوە و ٣١ كۆچبەر دیپۆرتى سنوری بیلاڕوسیا كراونەتەوە، هاوکات، تەنیا کۆچبەرێک دەستگیرکراوە کە بە رەگەز عێراقییە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، "کۆچبەران بەشێوەیەکی
توندوتیژانە مامەڵەیان کردووە و تەنانەت هێرشییان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیس
و زیانیان پێ گەیاندوون."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "رێگری لە گروپێكی كۆچبەری
١٠٠ كەسیش كراوە كە سەربازانی بیلاڕوسیا ھەوڵیاندەدا بەزۆر رەوانەی پۆڵەندایان بكەن."
لە چەند رۆژی رابردوودا، ٤٣١ کۆچبەر لە بیلاڕوسیاوە
گەڕانەوە عێراق و هەرێم و بڕیارە گەڕانەوەی کۆچبەران بەردەوام بێت.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوری نێوان
بیلاروسیا و پۆڵەندا دروستبووە و بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاش سەرۆکی بیلاڕوسیا تۆمەتبار
دەکەن بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەک چەکێک دژی یەکێتییەکە دوای ئەوەی سزایان بەسەردا
سەپاندووە.