سەردێڕ:

نوێترین ھەڵوێستی عێراق لەبارەی رێککەوتنی شنگالەوە

PM:01:20:21/11/2021

6412 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، ھیچ ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال-دا نییە. دەشڵێت، "جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەردەوامە."


تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ھیچ ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالدا نییە و جێبەجێکردنیشی بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشدا، ھێزە ئەمنییەکان رێگا بە ھیچ لایەنێک نادەن ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دروست بکات.
تەحسین خەفاجی باسی لەوەشکرد، ھێزە ئەمنییەکان لە سوپا و پۆلیسی خۆجێی لە قەزای شنگال و سەرجەم دەروازەکانی قەزاکە بڵاوکراونەتەوە و ھیچ دیاردەیەکی چەکداریی لە قەزای شنگال بوونی نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پەکەکە و ھێزە لە یاسا دەرچووەکان کۆنترۆڵی شنگالیان کردووە و بەو ھۆیەشەوە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە".
رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.












گەلەری