بیلاروسیا رایگەیاند "ئەلکسەندەر لۆکاشینکۆى سەرۆکى ئەو وڵاتە دووەمین پەیوەندیى تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنجیلا میرکڵ راوێژکارى ئەڵمانیا لەبارەى کۆچبەرە گیرخواردووەکانى سەر سنورى بیلاورسیا و پۆڵەندا، ئەنجامدا".
لە راگەیەندراوێکى سەرۆکایەتى بیلاروسیا ئاماژە بەوە کراوە کە لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى نێوان لۆکاشینکۆ و میرکڵ لەبارەى کۆچبەرە گیرخواردووەکانى سنورى بیلاروسیا و پۆڵەندا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.
بەگوێرەى
راگەیەندراوەکە، هەردوولا رێککەوتن کە بیلاروسیا و یەکێتی ئەوروپا نوێنەرێک دەستنیشان
بکەن و دەست بە گفتوگۆ بکەن دەربارەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو
چوارچێوەیەدا بابەتی ناردنی کۆچبەرە گیرخواردووەکان بۆ ئەڵمانیاش بڕیاری لێ دەدرێت.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، لە
نوێترین پێشهاتدا لەبارەی کۆچبەرانی سنوری پۆڵەندا و بیلاڕوسیاوە، یەكێتی ئەوروپا
بڕیاریدا بڕی ٧٠٠ ھەزار یۆرۆ بۆ كۆچبەرانی سنوری پۆڵەندا و بیلاڕوسیا تەرخان بکات.
بەگوێرەى
راگەیەندراوێکى یەکێتییەکە، بەو بڕە پارەیە ھاوكاری کۆچبەران دەکرێت و پێداویستی
خواردن و خواردنەوە و جل و بەرگ و بەتانیان بۆ دابین دەکرێت.
ماوەیەکە دیاردەی کۆچی
ھاوڵاتییانی ھەرێم و عێراق بۆ بیلاروسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە،
بەوھۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاترکردووە و دوێنێش پێکدادان لە
نێوان کۆچبەران و سەربازانی پۆڵەندادا روویدا و بەوتەى دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە حەوت
سەربازی پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون.