سەردێڕ:

ئەم پێنج وڵاتە ھەناردەکردنیان زۆرتر بووە لە ھاوردەکردن

PM:03:17:28/10/2021

4228 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی جیھانی، پێنج وڵاتی عەرەبی کە خاوەنی نەوتن و عێراق یەکێکە لەوان، پێوەری بازرگانی ساڵی ٢٠٢٠ دەری خستووە ھەناردەکردنیان زۆرتربووە لە ھاوردەکردنیان و بەمەش قازانجێکی بەرچاویان کردووە.


ماڵپەڕی "ITC Trade" بڵاویکردەوە، پێوەری بازرگانی ھەریەک لە سعودییە و عێراق و کوەیت و قەتەر و بەحرەین، کەخاوەنی نەوتن، دەری خستووە، ساڵی رابردوو قازانجێکی بەرچاوییان کردووە، بەشێوەیەک ھەناردە کردنییان زیاتر بووە لە ھاوردەکردن.
ماڵپەڕەکە خشتەی زانیاری و داتاکانی بڵاوکردووەوەتەوە کە تیایدا بودجەی تەرخانکراوی وڵاتانی عەرەبی بۆ کەرتی بازرگانی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ خستووەتەڕوو.
ساڵی ٢٠٢٠، بەھۆی سەرھەڵدان و بڵاوبونەوەی ڤیرۆسی کۆرۆنا، جیھان کەرەنتینەکراو وڵاتان دەروازە سنورییەکان و ئاسمانییەکان و دەریاییەکانیان بەڕوی یەکتردا داخست و جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بواری تەندروستی و دابینکردنی خۆراک، بەشێوەیەکی گشتی جموجوڵی بازرگانی و کەرتی گەشتیاری پەکییانکەوت و زیانێکی بەرچاویان بەرکەوت.
ھەروەھا، کەرتی بازرگانی نەوت، بەھۆی دابەزینی نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ خوار سفر دۆلارەوە، نزمترین ئاستی نرخی تۆمارکرد، کە بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا خواست لەسەر نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەتەواوەتی نزمبووە.
بەراورد بە دۆخی وڵاتانی دیکەی عەرەبی کە خاوەنی نەوت نین، عێراق و سعودییە و کوەیت و بەحرەین و قەتەر، بەھۆی ئەوەی خاوەنی نەوتن، ساڵی رابردوو لەگەڵ ھەموو قەیرانەکاندا، بە گوێرەی پێوەری بازرگانی ھێشتا قەبارەی قازانج کردنییان زیادی کردووە و ھەناردە کردنیشییان زیاتربووە لە ھاوردەکردنییان.
لەبەرامبەردا، حکومەتی ھەرێم ئەگەرچی ئەندام نییە لە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس و پابەند نەبووە بە ھیچ کام لە رێنماییەکانی رێکخراوەکە لە کەمکردنەوەی بڕی ھەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیھان بەمەبەستی سەقامگیرکردنی نرخی نەوت. بەڵام ھێشتا دەیان قەیرانی چارەسەر نەکراوی وەک نرخی سوتەمەنی، بەنزین و نەوتی سپی و غاز، و کارەبا و پەروەردە و بازرگانی و بازرگانی دەرمان و ھاوردەکردنی دەرمانی کوالێتی خراپ و بە قاچاغ ھێنانی دوگ و ئاژەڵ بێ پلان و بەرنامە ماونەتەوە. 
پێوەری بازرگانی بریتییە لە جیاوازی نێوان قەبارەی ھەناردەکردن و ھاوردەکردن لە ماوەیەکی کاتی دیاریکراودا. بەشێوەیەک ئەگەر قەبارەی ھاوردەکردن لە قەبارەی ھەناردەکردن زیاتربوو ئەوا پێوەری بازرگانی کورتھێنانی تێدایە، بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر قەبارەی ھەناردەکردن لە قەبارەی ھاوردەکردن زیاتربوو ئەوا قازانجی بازرگانی تۆمار دەکرێت.

کـ ، ئـ












گەلەری