سەردێڕ:

روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی لەسەر مووچەی ئەو شوێنانەی ناویان لە لیستی مووچەدا نییە

PM:08:32:28/03/2024

23184 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لە زووترین کاتدا لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و هەموو ئەو شوێنانەی ناویان لە لیستی مووچەی رۆژی ٢٨ـی ئەم مانگەدا نەهاتبوو، بڵاودەکەنەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، مووچەی مانگی شوباتی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و ئەو شوێنانەی کە لەو لیستەدا نەهاتبوون کە رۆژی ٢٨ـی ئەم مانگە بڵاو کرایەوە، هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەکانیان بڵاو دەکەنەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەهەفتەی داهاتوودا مووچەی مانگی شوباتی سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەران دابەش دەکرێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، دواى زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستبەسەرداگرتنى پارەکەى بەغدا لەلایەن حکومەتى کاربەڕێکەرەوە، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی دووی بڵاو کردەوە، بەڵام لە لیستەکەدا ناوی چەندین وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی تێدا نەبوو.

دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان، یەکەی ٧٠ و ٨٠، بەڕێوەبەرایەتی دامودەزگا نەوتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگری و فریاکەوتن، ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ناویان لە لیستەکەدا نییە.

هاوکات، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لیستی مووچە پێش بڵاوکردنەوەی دەستکاری کراوە بەهۆی رازینەبوونی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر بە لیستەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لیستەکە ناوی چەند وەزارەتێک و دەستەیەکی لێ لابراوە کە پەیوەستن بە هێزە ئەمنییەکان و سەرۆکایەتی هەرێمەوە، بەهۆی ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر تا ئێستا واژۆی لەسەر خەرجکردنی داهاتی ناوخۆ نەکردووە.


 

 














گەلەری