سەردێڕ:

لیستی مووچەی مانگی دوو راگەیەنرا

PM:05:10:28/03/2024

40524 جار خوێندراوەتەوە

دواى زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستبەسەرداگرتنى پارەکەى بەغدا لەلایەن حکومەتى کاربەڕێکەرەوە، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی دووی بڵاو کردەوە و رۆژی شەممە، ٣٠ـی ئەم مانگە مووچەی مانگی دوو دابەش دەکرێت. لیستەکەش، ناوی چەند وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکی تێدا نییە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی دووی بڵاو کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی زیاتر لە دوو هەفتە حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەر پارەی مووچەدا گرت.

بە گوێرەی لیستەکە، رۆژی شەممە، ٣٠ـی مانگی سێ، وەزارەتی تەندروستی، خانەنشینی شارستانی، کاروباری کۆمەڵایەتی، خاوەن پێداویستی تایبەت، دارایی و ئابووری و ناوخۆ مووچە وەردەگرن.

رۆژی یەکشەممە ٣١ـی مانگی سێ، وەزارەتی پەروەردە، داد، ئەنجومەنی دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئاینی، مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێری دارایی و پلاندانان مووچە وەردەگرن.

رۆژی دووشەممە، یەکی مانگی چوار، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و رۆشنبیری و لاوان مووچە وەردەگرن.

رۆژی سێشەممە، دووی مانگی چوار، وەزارەتی کارەبا، خوێندنی باڵا، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و خانەنشینی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن.

هاوکات، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان، یەکەی ٧٠ و ٨٠، بەڕێوەبەرایەتی دامودەزگا نەوتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگری و فریاکەوتن، ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ناویان لە لیستەکەدا نییە.


 

 













گەلەری