سەردێڕ:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پاکتاوی قەرزەکانی عێراق دەکات

PM:04:32:27/03/2024

8304 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی شاندەکەی عێراق لە واشنتۆن بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیار درا کە پاکتاوی قەرزی بانکە ئەهلی و حکومییەکانی عێراق بکرێت، ئەوەش هاوکار دەبێت لە گەڕاندنەوەی متمانە بۆ بانکەکانی عێراق لە سیستمی بانکی نێودەوڵەتیدا. دەشڵێت، "بەهۆی ئەم هەنگاوەوە نرخی دۆلار دادەبەزێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەندامێکی شاندەکەی عێراق کە بۆ پرسی دۆلار و ئابووری و چەند پرسێکی دیکە سەردانی واشنتۆنیان کرد بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە میانەی کۆبوونەوە فراوان و یەک بەدوای یەکەکانیاندا لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر پاکتاوکردنی قەرزی بانکە ئەهلی و حکومییەکانی عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاریدا کە بە میکانیزمێکی نێودەوڵەتی پاکتاوی قەرزەکانی ساڵانی رابردووی سەرجەم بانکەکانی عێراق و بەتایبەت ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٣ بکات کە ئەوەش وادەکات متمانەی سیستمی بانکی عێراق بەرز ببێتەوە.

باسی لەوەش کرد، ئەو هەنگاوە هۆکارێکیش دەبێت بۆ بەشداریکردنی بانکەکان لە سیستمی سویفت و وەرگرتنی دۆلار زیاتر بە شێوەی کاش بۆیە لەم چەند رۆژەدا بانکی ناوەندی لە ژێر سەرپەرشتی سیستمی بانکی نێودەوڵەتیدا، زیاتر لە ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری بەشیوەی حەواڵە فرۆشتووە. دەشڵێت، "لە ئێستادا کۆتا بڕیارەکان لەسەر بەرزکردنەوەی متمانەی سەرجەم بانکەکانی عێراق پەیوەستە بە سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەیزرانی عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش داوا کراوە کە سوودی بانکی بۆ دراوی بیانی بەتایبەت دۆلار بۆ ٧٪ بەرز بکرێتەوە".

ئەوەشی خستە روو، بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە دۆلاردا، وادەکات کە دیناری زیاتر بگەڕێتەوە بانکەکان و بەوەش خواست لەسەر دۆلار کەمتر دەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی دۆلار بۆ ١٤٥ هەزار دینار و لەگەڵ رێکارەکانی بانکی ناوەندی دۆلار نزیک دەبێتەوە لە ١٤٠ هەزار دینار.

هاوکات بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵە داراییەکانەوە، پێوەرەکانی گەشەی ئابووری عێراق بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو بە رێژەی ٢٪ زیادی کردووە و پێشبینیش دەکرێت لەمساڵدا بۆ ٤٪ بەرز ببێتەوە. دەشڵێت، "ئاستی پارەدارکردنی بانکەکان زیاترە لە ١٢١ ترلیۆن دینار کە ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار".

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی راپۆرتێکی بانکی ناوەندی، لە ئێستادا بانکەکە یەدەگی دۆلاری لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەرز بووەتەوە بۆ ١٥٠ ملیار دۆلار کە لەو رێژەیەش ١٠٠ ملیاری تایبەتە بە مامەڵە داراییەکانی حکومەتی عێراق و ٥٠ ملیار دۆلاریشی تایبەتە بە بانکی ناوەندی.













گەلەری