سەردێڕ:

بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە ڕێگەی ناوەندەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە پارە سپیدەکەنەوە

PM:10:38:03/11/2023

2956 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی، بەشێك لە بەرپرسان لە رێگەی خاڵەسنوورییەكانەوە پارەیان بە قاچاخ بردووەتە دەرەوەی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش چەند نووسینگەیەکی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە سزا دراون کە کاریان سپیکردنەوەی پارە بووە.


بەپێى زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تى، بەهەدەردانی سامانی گشتی وسپیكردنەوەی پارە لەو كەیسە نوێیانەن كە لە دەستەی دەسپاكی هەرێم تۆمار كراون، لە بەپێی بەدواداچوونەکانیش بەشێك لە بەرپرسان لە رێگەی خاڵەسنوورییەكانەوە پارەیان بەقاچاخ بردووەتە دەرەوەی هەرێم و لەم بابەتەدا تێوەگلاون.

لەوبارەیەوە، ئەحەمەد ئەنوەر سەرۆکى دەستەی دەستپاكی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تاوانی سپیکردنەوەی پارە لە یاسای دەستەی دەستپاکی هەرێم تۆمارکراوە و لەلایەن دادگاکانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی کاری لەسەر دەکرێت.

بەپێى زانیارییەکان، لەهەندێك لە شارەكانی هەرێم چەند ناوەندێكی ئاڵوگۆری دراو و بانکێک لە هەولێر كە بەشێکیان خاوەنداریەتییەكانیان بۆ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی دەگەڕێتەوە، بەهۆی سپیکردنەوەی پارەوە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە سزادراون و خراونەتە لیستى ئەو شوێنانەى کە بلۆک کراون. هاوکات، چەند کەسێکش کە کاریان ئاڵوگۆرکردنى درابووە لە هەولێر و سلێمانى دەستگیر كراون.

لای خۆشیەوە،کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر رایگەیاند، سزادانی ئەو بانكانە و داخستنی ناوەندەكانی ئاڵوگۆری دراو لە چوارچێوەی رێكارەكانی بانكی ناوەندی عێراقدایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسای بەهەدەردانی سامانی گشتی سپیكردنەوە و بەقاچاخبردن؛ ئەو بەرپرسانەی ئەو کارەیان کردووە لەدوای دەستگیرکردنیان ، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و وەک سزایەک مۆڵەتی کارکردنیان لێدەسەندرێتەوە.













گەلەری