سەردێڕ:

بە پشتگوێخستنی کەرتی گشتی؛ حکومەتی کاربەڕێکەر دەیەوێت گیرفانی خۆیان پڕتر بکەن

PM:08:49:03/11/2023

1972 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی راپۆرتێکی ئێن ئاڕ تی، خوێندنگا و نەخۆشخانە حکومییەکان دەوامیان تێدا ناکرێت و خوێندنگا و نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش دەوام دەکەن، هاوڵاتیانیش دەڵێن، "حکومەتى کاربەڕێکەر بەمەبەست کەرتى گشتى پشتگوێ خستووە".


ئەمڕۆ هەینی، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی، دەسەڵات بە مەبەست کەرتى حکومەتى پشتگوێخستووە و بەرامبەر بەوە کەرتى تایبەت کە خۆیان خاوەندارێتى دەکەن، بەهێز دەکەن. لەوبارەیەشەوە هاوڵاتیان دەڵێن، " حکومەتی کاربەڕێکەر لەسەر گیرفانمان، گیرفانى خۆیان پڕتر دەکەن".

هاوکات، پزیشکانى خولاو دەوامیان راگرتووە و داوای وەرگرتنی مووچەکانیان دەکەن، دەشڵێن، " حکومەتى کاربەرێکەر بەمەبەست کەرتى تەندروستى گشتى پشتگوێخستووە، بۆ ئەوەى هاوڵاتیان روو لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بکەن، لەکاتێکدا زۆربەى ئەو نەخۆشخانانەش لەلایەن بەرپرسانى یەکێتى و پارتییەوە خاوەندارێتى دەکرێن".

لەلایەکی دیکەوە، کەرتى تایبەت لە بوارەکانى تەندروستى و پەروەردە دەوامى ئاسایی دەکەن و دەسەڵات بە پشتگوێخستنی کەرتی گشتی  مەبەستیەتی خەڵک لەو کەرتە بتەکێنێتەوە و بیانخاتەسەر کەرتى تایبەت، ئەوەش بۆ ئەوەی گیرفانى حزبەکانى دەسەڵات پڕتر بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، نزیکەى دوو مانگە مامۆستایان و وانەبێژان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى دەربڕین بەردەوامن و داواى دامەزراندن و دابەشکردنى شایستە داراییەکانیان دەکەن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ وەڵامێکی نەداونەتەوە.













گەلەری