سەردێڕ:

بازرگانی دانەوێڵە لە ململانێکانی روسیا و ئۆکرانیادا

بەندەری ئۆدیسا لە ئۆکرانیا
PM:09:59:04/09/2023

948 جار خوێندراوەتەوە

لە ٢٢ـی تەمووزی ساڵی رابردوو بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا لەنێوان روسیا و ئۆکرانیادا واژووکرا و یەکێک لە مەرجە سەرکییەکانی رێککەوتنەکەش ئەوەبوو کە ئەو بەندەرانەی بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە بەکار دەهێندرێن بۆ مەبەستی سەربازی بەکار نەهێدرێن.


رۆژی یەکشەممە جارێکی دیکە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا باسی لەوەکرد، ئۆکرانیا پێشێلی رێککەوتنی دانەوێڵەی کردووە و بەندەرەکانی هەناردەکردنی دانەوێڵەی بۆ هێرشی سەربازی بەکارهێناوە.

خاڵەکانی رێککەوتنەکە

بەپێی رێککەوتنەکە روسیا رێگا دەدات بە هاتووچۆی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆدیسا و گۆرنۆمۆرێکس و یوژنۆیەی ئۆکرانیاوە چونکە ئەو سێ بەندەرە لەسەر دەریای رەشن و بەندەری سەرەکین، بەڵام روسیا هەموو ئەو کەشتیانە دەپشکنێت کە دێنە بەندەرەکە یان لە بەندەرەکەوە رەوانەی جیهان دەکرێن.

لە رێککەوتنەکەدا ئەوەشهاتووە، دەبێتناوەندێکی فەرماندەیی هاوبەش بۆ سەرپەرشتیکردنی هاتن و چوونی کەشتییەکان دروستبکرێت کە بەرپرس بێت لە چارەسەرکردنی هەر کێشەک کە روودەدات.

وادەکانی رێککەوتنەکە و نوێکردنەوەی

رێککەوتنەکە بۆ ماوەی ١٢٠ رۆژ بەردەوام بوو دواتر جارێکی دیکە نوێکرایەوە، بەڵام روسیا لەسەرەتای ریککەوتنەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئۆکرانیا پێشێلی رێککەوتنەکە دەکات و لە ٢٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ باسی لەوەکرد ئۆکرانیا بەبەکارهێنانی یەکێک لە کەشتییەکانی دانەوێڵە پردی کریمیای کردووەتە ئامانج دواتریش ئەوەی خستەڕوو، ئۆکرانیا بەندەرەکانی روسیای کردووتە ئامانج و رێگای نەداوە روسیا بەپێی رێککەوتنەکە دانەوێڵەکانی خۆی هەناردە بکات.

دواتر، لە ٢ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ رێککەوتنی دانەوێلە وادەکەی کۆتایی هات و روسیا رەتیکردەوە رێککەوتنەکە نوێ بکاتەوە بەڵام دواتر بە نێوەندگیری تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنەکە نوێ کرایەوە.

لە ١٣ـی ئازای ٢٠٢٣شدا رێککەوتنەکە جارێکی دیکە کۆتایی هات و هەر لەو کاتەدا روسیا ابسی لەوەکرد، ئامادە نییە رێککەوتنەکە نوێ بکاتەوە و یەکلایەنانە کۆتایی بە رێککەوتنەکە هێنا.

لێکەوتەکانی نوێ نەکردنەوەی رێککەوتنەکە

نەتەوە یەکگرتووکانیش داوای لە روسیا کرد، لەپێناوی ئەو وڵاتانەی کە رووبەڕووی برسێتی دەبنەوە رێککەوتنەکە نوێ بکاتەوە هۆشداریدا کە ئەگەر رێککەوتنەکە نوێ نەکرێتەوە جیهان رووبەڕووی قەیرانی خۆراک دەبێتەوە و روسیاش لە بارەمبەردا رایگەیاند؛ دانەوێڵەی پێویست بۆ ئەو وڵاتانە دەنێرن.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیاش بێدەنگ نەبوو لە رەتکردنەوەکانی روسیا بۆ داواکانی هاوپەیمانەکانیان وتی، "بەبێ روسیاش دەتوانین دانەوێڵە هەناردە بکەین". و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاشدا باسی لەوەکرد بەردەوامدەبن لە هەناردەکردنی دانەوێڵە.

روسیا و ئۆکرانیا یەکێکن لە گەورەترین هەناردەکارانی دانەوێڵە بۆ جیهان و بە سەبەتەی خۆراکی جیهان ناودەبرێن و بەهۆی جەنگی نێوانیشیانەوە کە لە ساڵی رابردووەوە درێژەی هەیە کێشە بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە دروستبووە.













گەلەری