سەردێڕ:

دانیشتنی یەکەمی لوتکەی بریکس؛ سەرۆکایەتی ئەفریقا چی بە رۆژئاوا وت

PM:08:54:22/08/2023

640 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی لوتکەی بریکس بەرێوەدەچێت و سەرۆکایەتی ئەفریقا پێشوازی لە سەرۆکی چین کرد و وتی "پەیوەندیمان لەگەڵ چین دێرینە و هەندێک لایەن رەخنەمان لێدەگرن و دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندی ئابوری خۆیان بەکارمانبهێنن."


نیوەشەوی ڕابردوو سەرۆکی چین بەمەبەستی بەشداری لە پازدەیەمین لوتکەی هاوپەیمانیی بریکس کە ٢٢ تا ٢٤ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێ، بۆ جاری چوارەم سەردانی ئەفریقیای باشوری کرد.

لە ڕێوڕەسمێکی کلتوری تایبەتی سەما و گۆرانیدا کە لەلایەن هێزی بەرگریی نیشتمانی ئەفریقیای باشورەوە رێکخرابوو سیریل رامافۆزای سەرۆکی وڵاتەکە لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی جیهانسبێرگ پێشوازی لە شی جینگ بینگی سەرۆکی چین کرد.

وتارەکەی سەرۆکایەتی ئەفریقا؛ ناچینە ناو ململانێی زلهێزەکان

سەرۆکی ئەفریقیای باشور لە لێدوانی پێشوازیکردن لە سەرۆکایەتی چین رایگەیاند ئەمساڵ هاوپەیمانی و پەیوەندی قوڵی نێوانیان لەگەڵ وڵاتی چین پێدەنێتە ٢٥ەمین ساڵیەوە و پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ وڵاتی چین کە گەورەترین لایەنی ئاڵوگۆڕی ئابوریە بۆ ولاتەکەیان، هێندەی تەمەنی دیموکراسی باشوری ئەفریقا دێرینە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەرچی بەشێک لەوانەی لەسەر ئامادەیییان لە هاوپەیمانێتی بریکس رەخنەیان لێدەگرن، دەیانەوێت وڵاتەکەیان بۆ خزمەتی ئەجێندای ئابوری و ئایدیۆلۆژی خۆیان بەکاربێنن و بەڵام ئەوان هیچ خواست و نیازێکیان بۆ چونە ناو ململانێی زلهێزەکان نیە.

ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری لە کۆبونەوەکەی بریکس دەکات و بڕیارە سێرجی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوە بە نوێنەرایەتی کرملین لە جیهانسبێرگ ئامادەبێت.

کۆمەڵەی بریکس کێن؟

هاوپەیمانیی بریکس کە لە وڵاتانی بەرازیل، روسیا، هندستان، چین و ئەفریقیای باشور پێکهاتوە ئامانجی کێبڕکێیە لەگەڵ ئەو سیستەمە ئابوریەی ئەمڕۆ جیهان بەڕێوەدەبات و وڵاتانی ناو هاوپەیمانیەکە لە ئێستادا پێکەوە ٤٠٪ی کۆی دانیشتووانی جیهان و ٢٥٪ی ئابوریەکەی پێکدێنن.

زیاتر لە ٣٠ سەرۆک و سەرکردەی حوکمڕانی لە تەواوی قارەی ئەفریقیا بەشداری لوتکەی ئەمجاری بریکس دەکەن.

حەیدەر غەفور













گەلەری