سەردێڕ:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکاندا حکومەتی کاربەڕێکەر باجی سەر هاوڵاتییان کەمدەکاتەوە

PM:11:04:21/08/2023

2696 جار خوێندراوەتەوە

چوار ساڵ بە ویستی خۆیان باج و سەرانەیان بەسەر خەڵکدا سەپاند، بەڵام ئیتر کە کەشوهەوای هەڵبژاردن نزیکدەبێتەوە، باجەکە کەمدەکەنەوە یاخود هەندیکی بۆ ماوەیەک لادەبەن، هاوڵاتیانیش دەبێت باش ئەمە بزانن ئەمە یاریەکی دووبارەیە و چەند بارە و سواوە.


رۆژى ٢٠ـی ئەم مانگە نەوەى نوێ دژى زیادکردنى باج و رسوماتەکان و گرانکردنى کارەبا لە دادگاى فیدراڵى عێراق سکاڵاى لەسەر حکومەتى کاربەڕێکەرى هەریم تۆمارکرد، وەک هەمیشە ئۆپۆزسیۆن نەقیزەکەی بەکارهێنا و هەر دوای ٢٤ کاتژمێر حکومەتی کاربەڕێکەر بڕیاریدا وەرگرتنەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیریی و خانووبەرە بۆ ماوەیەک رابگرێت.

پێشەوا هەورامانى وتەبێژى حکومەتى کاربەڕێکەر رایگەیاند: حکومەت بڕیاریداوە وەرگرتنەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیری و خانووبەرە رابگرێت.

پێشتر حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێم رایگەیاند: هەموو ئەوانەى کە پێشینەى هاوسەرگیرى و خانووبەرەیان وەرگرتووە پێویستە لەماوەى دوو مانگدا بیگەڕێننەوە، بەپێچەوانەوە پارە لە کەفیلەکانیان دەبڕدرێت، ئەوەش نارەزایی هاوڵاتیانى لێکەوتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، حکومەتى کاربەرێکەر ٢١ تریلیۆن دینار قەرزارى موچەخۆرانە و نایانداتەوە، هاوکات پارەى کارەباى نۆ هێندە لەسەر هاوڵاتیان گران کردووە.

هەنگاوە بەپەلەکەی حکومەتی کاربەڕێکەر هاوکاتیشە لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردن و وەڵامێکیشە بۆ ئەوانەی دەڵێن، دەنگدان سودی نییە و ئەنجامەکەی دیارە و هەمان قسەی دووبارەی دەسەڵاتیان دوبارە دەکردەوە، بەڵام دەرکەوت دەسەڵات چۆن تۆقیوە لە دەنگدان و هەڵبژاردنی ئەم جارە.

هاوکات وەک ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، گرنگە خەڵک بەمە فریونەخوات و رۆژی دەنگدان هەڵوێستی خۆی هەبێت، چونکە ئەم حکومەتە جارێکی تر دەنگ بەدەست بهێنێتەوە، ئەوا چوار ساڵی داهاتوو ژیان و گوزارانی خەڵک ١٠٠ هێندەی ئێستا خراپ دەکات.













گەلەری