سەردێڕ:

لەکاتی دەنگدان بە حکومەتی وڵاتێک؛ کارەبا کوژایەوە

PM:07:49:20/09/2021

4388 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی نزیکەی یەک کاتژمێر بەهۆی بڕانی کارەباوە کۆبوونەوەی پەرلەمان دواخرا، پەرلەمانی لوبنان کۆبوونەوەکەی بۆ دەنگدان لەسەر کابینە نوێیەکەی حکومەتی وڵاتەکە دەستپێکردەوە.


وابڕیاربوو کۆبوونەوەکە لە کاتژمێر ١١ی سەر لە بەیانی بە کاتی ناوخۆی وڵاتەکە دەستپێبکات، بەڵام کارەبای بینای پەرلەمان بڕا و لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەشدا نەجیب میکاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان کارنامەی حکومەتی نوێی خوێندەوە.

ماوەی چەندین ساڵە، لوبنان روبەڕوی ژمارەیەک قەیرانی جۆراوجۆر بووەتەوە، لەوانەش کەمی سوتەمەنی کە بووەتە هۆی بڕانی کارەبای وڵاتەکە و زۆرینەی لوبنانییەکان پشت بە مۆلیدەکانی کەرتی تایبەت دەبەستن. هاوکات، حکومەتە نوێیەکە بەڵێنیداوە روبەڕوی قەیرانەکانی وڵاتەکە ببێتەوە بەتایبەتی لەڕووی داراییەوە، بەڵام هێشتا وڵاتەکە بەهۆی خراپی ئەو دۆخەوە دەناڵێنێت.

لە ساڵی ٢٠١٩وە، ئابوری لوبنان بەرەو داڕووخان دەڕوات و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی مامەڵەکردنی چەند ساڵەی حکومەت لەڕووی ئابورییەوە. هاوڵاتیانبەردەوام بوون لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و داوای باشتر کردنی دۆخی ئابوری و گوزەران و خزمەتگوزارییەکانیان دەکرد.

هاوکات، ماوەی ساڵێکیشە کە حکومەتی لوبنان هەڵوەشابووەوە و پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەکە توانای بەرێوەبردنی نەمابوو، نارەزایەتی هاوڵاتیان گەیشتبووە لوتکە، بەڵام حکومەت پێکنەدەهاتەوە و ماوەی کەمتر لە مانگێکیشە، لە دوای ساڵێک حکومەتی نوێ پێکهێنراوە.

لە هەرێمی کوردستانیش، سەرباری تێپەڕینی ٣٠ ساڵ بەسەر حکومڕانی کوردیدا، بەڵام هێشتا چەندین گرفتی سەرەکی هاوڵاتییان بەتایبەتی خزمەتگوازرییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، ئاو، رێگاوبان و خزمەتگوازرییەکانی دیکە، بەگوێرەی پێویست بۆ هاوڵاتییان دابین نەکراوە و بەوهۆیەشەوە، ساڵانە هاوڵاتییانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئەنجام دەدەن.













گەلەری